به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كاره‌باى هه‌ولێر رایگه‌یاند له ماوه‌ى هه‌شت مانگى رابردوودا زیاتر له سێ هه‌زار سه‌رپێچیكار به بڕى زیاتر له ملیارێك دینار سزا دراون و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌رده‌وامه و چاوپۆشى له هیچ كه‌سێك ناكرێ.
ئه‌ندازیار حوسێن حه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كاره‌باى هه‌ولێر به(باس‌نیوز)ى راگه‌یاند: " هه‌ڵمه‌تى بڕینى سه‌رپێچییه‌كانى سه‌ر تۆڕى كاره‌باى نیشتیمانى له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر به‌رده‌وامه و جگه له ناو شارى هه‌ولێر هه‌ڵمه‌ته‌كه له شار و چارۆچكه‌كانیش ده‌ستیپێكردووه، له ماوه‌ى هه‌شت مانگى رابردووش‌دا سێ هه‌زار و 664 هاووڵاتى سزادراون و هه‌زار و 732 سه‌رپێچیكاریش كاره‌بایان بڕاوه".
روونیشیكرده‌وه" هه‌ڵمه‌ته‌كه جگه له هاوبه‌شى ماڵان، هاوبه‌شانى كۆمپانیا و هوتێل و نه‌خۆشخانه و شوێنه گشتییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، به‌م هۆیه‌شه‌وه له ماوه‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شدا سه‌رپێچیكاران به‌بڕى ملیارێك و 454 ملیۆن دینار سزادراون، به‌شێكى زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى سه‌رپێچییان ئه‌نجامداوه خۆیان سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى كاره‌بایان كردووه بۆ بڕینى سه‌رپێچییه‌كانیان".
جەختیشکردەوه" چاوپۆشى له‌هیچ كه‌س ناكه‌ین و سه‌ره‌تا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان له‌و گه‌ڕه‌كانه ده‌ستپێكرد كه دانیشتووانه‌كه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسن".