كچە قوتابییەكی زانكۆ: خۆشەویستەكەم لە خشتەی بردم و دزییشی پێكردم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كچە قوتابییەكی زانكۆ: خۆشەویستەكەم لە خشتەی بردم و دزییشی پێكردم

کچێکی گەنجی تەمەن 21 ساڵ، لە یەکێک لە بنەکەکانی پۆلیس داوا دەکات، فایلی نهێنیی بۆ کێشەکەی بکرێتەوە، چونکە نایەوێ کەس ئاگاداری ئەم کێشەيەی بێت و تووشی مەترسی و ئابڕووچوون نەبێت.

شەیما، پێنجەمین منداڵی دایک و باوکیەتی، لە قۆناغی دووەمی زانکۆ دەخوێنێ، دۆخی ئابووریی خێزانەکەی ناوەندە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هەمیشە پێداویستییە ماددییەکانی بە زیادەوە بۆ پڕ کراوەتەوە.

شەیما، لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ کوڕێک دەناسێت، دوای دوو هەفتە لە دەستپێکردنی دەوام، پەیوەندی دروست دەکەن: "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی زانکۆ، کوڕێکم ناسی، لە هەمان بەش و قۆناغی من بوو، کاتێك منی بینی، یەکسەر کورسییەکەی خۆی بەجێ هێشت و هاتە تەنیشت من دانیشت، یەکترمان ناسی و بووینە هاوڕێ، دوو هەفتە دوای ئەوە، پەیوەندییەکەمان بوو بە خۆشەویستی و سۆزداری".

وەکوو شەیما باس دەکات، لە یەکەم بینینی ئەو کوڕەوە، هەموو متمانەیەکی پێی بووە و خۆشی ویستووە، بۆیە دۆخی خێزانی و تایبەتمەندییەکانی خۆی بۆ باس کردووە: "ئەو کوڕە بەردەوام قسەی جوان و پڕ بایەخی بۆ دەکردم، هەندێ وشەی پێ دەگوتم، کە قەت کەس پێی نەگوتبووم، بۆیە بە هەموو جۆرێ سەرنجی راکێشابووم، گەیشتبوومە ئاستێک، حەزم دەکرد هەر 24 سەعاتەکە لە زانکۆ و لە تەنیشت ئەودا بم".

بەپێی گێڕانەوەی شەیما، باوکی هەمیشە پیاوێکی سەرقاڵ بووە و دوکانی جلوبەرگی ئافرەتانی هەیە و کەمترین کات لە ماڵەوە بووە: "باوکم دوکانی جلوبەرگی ئافرەتانی هەیە، زۆرترین کاتی لە دوکانە. دایکیشم پێشنیوەڕۆیان لە دەوامە و دوای نیوەڕۆش، کە دێتەوە بەردەوام بە تەلەفۆن، لەگەڵ پوورەکانم خەریکی قسەکردنە، هەردووکیان کەمترین کاتیان بۆ ئێمەیە، زۆر جار هەست دەکەم، ئەگەر دایک و باوکم کاتیان زیاتر دابووایە بە ئێمە و لەگەڵمان بوونایە، رەنگە من تووشی ئەم هەڵەیە نەبووایەم".

شەیما، دوای ئەوەی دەوامی زانکۆ نامێنێت، هەر جارەی بە بیانوویەک دەچێ خۆشەویستەکەی دەبینێت: "بە دایکمم دەگوت دەڕۆم بۆ ماڵی کچێکی هاوڕێم، ئەویش دەیگوت باشە. هەندێ جاریش دەیگوت خوشکە بچووکەکەت لەگەڵ خۆت بەرە و هیچ مەرجی تری نەبوو. منیش دەچووم هەر جارەی ئەو کوڕەم لە شوێنێک دەبینی".

جارێک کوڕەکە پێی دەڵێت، ئەمڕۆ ماڵی خوشکم لە ماڵ نابن لەوێ یەکتر دەبینین. شەیما دەڵێت: "بێ بیرکردنەوە بە پێشنیازەکەی رازی بووم، چوومە ماڵی خوشکەکەی، لەوێ لێم نزیک بوو، هەرچی گوتی بەرپەرچم نەدایەوە، بەبێ دوودڵی خۆمم ڕادەستی کرد".

دوای چەند جارێک بینین، شەیما گوتی: "پێم گوت، کە من گەیشتوومە ئاستێک ناتوانم دوور لە تۆ بژیم، بۆیە دەبێ بێیتە خوازبێنیم، ئێمە زۆر لە یەکتر نزیک بووینەتەوە، تا زووتر هاوسەرگیری بکەین باشترە، بەڵام هەستم کرد هەر جارەی بیانوویەک دەهێنێتەوە".

بەپێی قسەکانی شەیما، دوای ئەوەی پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی بچێتە خوازبێنی، کوڕەکە دەڵێت پارەم نییە: "کاتێک زۆر پێداگریم کرد لەسەر ئەوەی دەبێ بمخوازێت، گوتی من ناتوانم ماڵ و خێزان بەڕێوە ببەم، چونکە هیچ پارە و ئیشێکم نییە، تۆ دەتوانی هەندێ پارەم بدەیتێ، تا دەست بە ئیشێك بکەم، منیش هیچ پارەم نەبوو، بەڵام چووم 3 هەزار دۆلارم لە پارەی بابم دزی و بۆم برد، ئەویش یەکسەر وەری گرت و گوتی دەست بە ئیشکردن دەکەم".

دوای ماوەیەک، شەیما دەڵێت: "نامەی کەمتر دەنارد و تەلەفۆنیشی کەم کردەوە، و کەمتریش یەکترمان دەبینی، کاتێک پرسیارم لێ دەکرد، دەیگوت خەریکم ئیشێک پەیدا دەکەم. رۆژێک زۆر بیرم دەکرد، گوتم دێم لە ماڵی خوشکت یەکتر دەبینین، پێی گوتم ناکرێ".

دوای مانگێک لە پێدانی پارەکە، شەیما رۆژێک، کە لە خەو هەڵدەستێ، وەکوو جاران پێش هەموو شتێک نامە بۆ ئەو دەنێرێت: "کە لە خەو هەستام، بەیانی باشم بۆ نارد، بەڵام گەیشتە نزیک نیوەڕۆ وەڵامی نەبوو، تەلەفۆنم بۆ کرد داخرابوو، ئەو رۆژە تا ئێوارە چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ کرد داخرابوو، من حاڵم تێکچوو و گێژم بووم".

شەیما دوای دوو رۆژ، کە هەر هەواڵی بۆ نایەت، دەچێتە ماڵی خوشکی کوڕەکە، کە لەوێ یەکتریان بینیوە، ژنێک دێتە دەرەوە دەڵێت، ئێرە ماڵی فڵانە، واتە ناوی کوڕەکە دەڵێت: "کاتێک زەنگی دەرگاکەم لێ دا، ژنێکی گەنج هاتە دەرەوە، پرسیارم کرد ئێرە ماڵی خوشکی فڵانە، گوتی ماڵی خۆیەتی و من ژنی ئەوم، بەڵام ئەو لێرە نەماوە و بە قاچاخی رۆیشتووە بۆ ئەورووپا".

کاتێک شەیما ئەم قسانە دەبیستێ، زۆر تێکدەچێت و بە ژنەکە دەڵێت، من خۆشەویستی ئەوم، ئەورووپای چی؟ ژنەکە زۆر تووڕە بوو گوتی، چ بەرەڵایەکی حەزت لە پیاوەکەم کردووە و هاتووی پێشم دەڵێی. زۆر جنێوی دا، منیش رۆیشتم، نەخۆش کەوتم. دوای چوار مانگ رۆژێک نامەیەکم بۆ هات، دیارە ئەو ناردبووی، تووڕە بوو لەسەر ئەوەی چوومەتە ماڵیان و نووسیبووی کە لەوێ کاری پەیدا کرد پارەم بۆ دەنێرێتەوە، کەی شووم کرد دووبارە پارەم بۆ دەنێرێتەوە، تا بڕۆم لای سستەرێک پەردە بدروومەوە".

شەیما دەڵێت: "سکاڵام تۆمار کرد، دەشزانم فێڵم لێ کراوە، ناپاکیم لێ کراوە و دزییشی پێ لە باوکی خۆم کردم، دەمەوێ مافی خۆم وەرگرمەوە، بەڵام ئێستا هەست بە هەڵەکانی خۆم دەکەم، کە چەند زوو و بەپەلە چوومە باوەشی".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی شەیما دەڵێت: "بەداخەوە، کچانی ئێمە بۆ هەڵخەڵاتاندن ئامادەن، ئەمەش هۆکاری زۆرە، یەک لەوانە، پشتگوێخستنیانە لەلایەن دایک و باوکیانەوە، بە تایبەتییش باوکیان، چونکە ئەم کچە پێویستی بە سۆز و خۆشەویستییە لە رەگەزی بەرامبەر، بۆیە تا عەقڵی کامڵ دەبێ تا بتوانێ هاوبەشی ژیان دەستنیشان بکات، دەبێ باوک خۆشەویستیی تەواوی پێ ببەخشێت و هاوکاری بێت و ئامۆژگاریی بکات".

هەتاو، هۆکارێکی تری ئەم جۆرە کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە: "هاوڕێیەتیی نێوان کوڕ و کچ تا قۆناغی زانکۆ قەدەغەیە، کچ رانەهاتووە هیچ جۆرە مامەڵەیەکی لەگەڵ کوڕێكی گەنج هەبێ، بۆیە زۆر لە کچان، کە دەڕۆنە زانکۆ، یان گۆشەگیر دەبن، یانیش زوو هەڵدەخەڵەتێن و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دنیا نوێیەدا بکەن".