گۆڕانكارییه‌ك له‌ بڕیارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قیستى پێشینه‌ى خانووبه‌ره‌ ده‌كرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گۆڕانكارییه‌ك له‌ بڕیارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قیستى پێشینه‌ى خانووبه‌ره‌ ده‌كرێت

 

بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری لێخۆشبوون لە پێشینەی خانووبەرە ئەوانەش دەگرێتەوە، کە قیستی ساڵانە دەگەڕێننەوە.

عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیاری لێخۆشبوون لە پێشینەی خانووبەرە ئەوانەش دەگرێتەوە، کە قیستی ساڵانە دەگەڕێننەوە، ئەگەر کەسێک قیستی ساڵی ڕابردووی دابێت، ئەوە لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت کاتێک قیستی ئەمساڵیش دەداتەوە".

سەبارەت بەو كه‌سانه‌ى قیستی ساڵی 2019یان نەداوە، گوتی: "لەو حاڵەتە دەبێت قیستی دوو ساڵ بدات و 15% لێخۆشبوونەکە دەیگرێتەوە، ئەوەشی غەرامەی دواخستنی لەسەربێت، ئەو كاته‌ لەسەر کۆی قیستەکان و غەرامەکە 15% لێخۆشبوونی بۆ دەکرێ".

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمى کوردستان، 15% لێخۆشبوون بۆ پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیری و قەرزی بچووک و سەرجەم پێشینەکانی دیكه‌ کراوە.

عەجیب محەمەد ڕوونیشی کردەوە، سەرەتا تەنیا ڕێژەی 15% داشکان دەکرا بۆ ئەوانەی هەموو ئەو قیستانەی لەسەریان بوو كه‌ بۆ حکوومەتیان دەگەڕاندەوە، باسى له‌وه‌ش كرد: "دواتر ڕوونکردنەوەمان بۆ هات کە لێخۆشبوونەکە قیستی ساڵانەش دەگرێتەوە".

بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو: "قیستی ساڵانەی پێشینەی خانووبەرە چەند جۆرێکه‌، یەک ملیۆن دینار هەیە، ملیۆنێک و 250 هەزار دینار، لەگەڵ ملیۆنێک و 670 هەزار دینار هەیە".

دووپاتیشى کردەوە كه‌ خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن و قیستەکانیان دەدەنەوە، یان هەموو قیستەکان دەدەن و 15% لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێ.

زیاد ئەحمەد، هاووڵاتییه‌كه‌ کە پێشینەی خانووبەرەی وەرگرتووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "قیستەکەم ملیۆنێک دینار بوو، کاتێک ملیۆنەکەم ڕادەست کرد، 150 هەزار دیناریان بۆ گەڕاندمەوە و گوتیان ئەو پارەیە لە بڕی لێخۆشبوونی حکوومەتە بۆ قەرزەکەت".

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 20 تاوەکوو 25 ملیۆن دیناری وەکوو پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتییان دەدا ، زیاتر لە 620 هەزار کەسیش لە تەواوی پێشینە جۆراوجۆرەکان سوودمەند بوونە.