وەزارەتی کار: هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزی بچووک دیارنەکراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی کار: هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزی بچووک دیارنەکراوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆی بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆناوە وەرگرتنەوەی قەرزی بچووکی هەڵپەسارد، گوتەبێژی وەزارەتەکەش لە بارەی دەستپێکردنەوەی وەرگرتنەوەی قەرز لە هاووڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات.


ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆناوە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی وەرگرتنەوەی قەرزی هەڵپەسارد، چونکە ئەو کەسانەی کار دەکەن بە هۆی کۆڕۆناوە بازاڕی کاریان وەستا و نەیانتوانیوە وەکو پێویست کار بکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، ماوەیەک بەشێوەیەکی کاتی وەرگرتنەوەی قەرز لە هاووڵاتیان ڕاگیراوە، لە داهاتوودا دەست دەکرێتەوە بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە، بەڵام تا ئێستا کاتێک دیارینەکراوە بۆ دووبارە دەستکردن بە پێدانەوەی قەرز بە گەنجان".

ڕاشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕێکی زۆر باش لە قەرزی بچوک وەرگیراوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان ئەو بارودۆخەی پەتای کۆڕۆنا تێپەڕێنێت پێشبینی دەکەین دووبارە پێدانی قەرزی بچووک دەست پێبکاتەوە".


گوتیشی: "پێش بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا جوڵەیەکی زۆر باش دروست بوو لە گەڕاندنەوەی قەرزی بچووک و گەڕاندنەوەی قەرزەکان زۆر باشتر بوو لەوەی ئێمە پێشبینیمان بۆ کردبوو، ئەوانەی پێشتر لەو قەرزە سوودمەند بوون بەردەوام قیستەكانیان دەگەڕاندەوە".