كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی دۆخی مووچە و قەرز و پابەندییە داراییەكانی ئاشكرا كرد

 

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی ئەو راپۆرتەی لە پەرلەمانی كوردستان خوێندییەوە، وردەكاریی دۆخی مووچە و قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد.

كەمێك لەمەوبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی خوێندنەوەی راپۆرتێك لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت هەرێمی كوردستان وەك زۆربەی وڵاتان ڕووبەڕووی دۆخێكی سەخت هاتۆتەوە و نەناردنی بەشە بودجەش دۆخەكەی سەختتر كرد، ”ئەم قەیرانە داراییە زیاتر هانمان دەدات لەسەر درێژەدان بە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی و هەوڵدان بۆ سنوورداركردنی قەیرانی دارایی و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی“.
جەختیشی كردەوە، ”هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لە ماوەی كاركردنماندا توانیومانە ١٢ مووچە دابین بكەین. لەم ماوەیەدا دوو مووچە دواكەوتووە بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت لە لایەن حكوومەتی فیدرالییەوە“.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسیشی لەوە كرد كە ئەم دۆخە سەختە داراییە نەخوازراوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستی نەكردووە، تایبەتیش نییە بە ناوچە و هەرێمی ئێمەوە، بۆیە ”دەبێت بە ناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە سەختە بگونجێنین. حكوومەت هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت“.
هەر لە ڕاپۆرتەكەیدا مەسرور بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و پابەندیی دارایی لەسەرە و بەشێكی زۆری قەرزەكانیش لەسەر حكوومەتی فیدرالە بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەوە، بۆیە هیچ یەدەگێكی داراییمان لەبەردەستدا نییە.

تیشكیشی خستە سەر ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خستنەڕووی سەرجەم خەرجی و داهاتەكانی داوە و سەرجەم خەرجی و داهاتەكانی رەوانەی دیوانی چاودێریی دارایی كردووە و لەوێشەوە دەستەیەك پێكهێندراوە و یەكەمین ڕاپۆرت ئامادە كراوە. هەمان دەستە ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی. دوای گەیشتنی راپۆرتی كۆتایی، ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێكی ورد بۆ پەرلەمانی كوردستان دەنێرێت.
بەپێی ئەو داتایانەی مەسرور بارزانی خستییە، ڕوو، خشتەی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە:

- كۆی گشتیی قەرزەكانی دەرەكی و ناوخۆ: ٧ ملیار و ٢٨٦ ملیار و ٢٨٣ هەزار و ٢٠٠ دۆلار.
- كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان: ٨ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن و ٩٨٩ هەزار و ٥٣٢ دۆلارە.
- كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان بەرامبەر مووچەخۆران و خانەنشینان: ٨ ملیار و ٩٦٦ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٥١٤ دۆلار.

ئێستا: ٢٨ ملیار و ٤٧٦ ملیۆن و ٦٥٧ هەزار و ٣٩ دۆلار كۆی گشتیی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێمی كوردستانە.