بەهای لیرەی توركی تا كۆتایی ساڵ دابەزینێكی تر تۆمار دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهای لیرەی توركی تا كۆتایی ساڵ دابەزینێكی تر تۆمار دەكات

"وەبەرهێنەران تورکیایان بەجێ هێشتووە"

بەپێی شرۆڤەی شارەزایانی بواری ئابووری لە توركیا، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار تا كۆتایی٢٠٢٠، دابەزینێكی تر تۆمار دەكات.

بەشی ئابووریی ماڵپەڕی (T24) لەمبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، تا كۆتایی٢٠٢٠ ئەگەر زۆرە بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی بگاتە ٨ لیرە، واتە ١٠٠ دۆلار بە ٨٠٠ لیرە مامەڵەی پێوە دەكرێت.

ئاماژەكان دەری دەخەن رەوشی ئابووری لە توركیا بەرەو خراپی دەچێت، چونكە قەرزەكانی توركیا كەڵەكە بوون و نەتوانراوە بدرێنەوە، جگە لەوەش وەبەرهێنەرەكان توركیایان بەجێ هێشتووە و دەڵێن توركیا وڵاتێكی ئارام نییە بۆ وەبەرهێنان، ئەمەش هەمووی كاریگەریی خراپی لەسەر لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دروست كردووە.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵایان كردووەتەوە، حكوومەتی توركیا زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری خستە بازاڕەوە تا بتوانێت كۆنترۆڵی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بکات، بەڵام سوودی نەبووە و لیرەی توركی زیاتر دابەزێت، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت ئەمساڵ رەوشی ئابووریی تورکیا باش ببێتەوە.

لە لایەكی ترەوە، حكوومەت بڕیاری دا كرێی كارەبا بە رێژەی ٥.٧٥٪ لەسەر هاووڵاتیان زیاد بكات، ئەمەش دەری دەخات كە كورتهێنانی بودجەی هەیە و بە زیادكردنی باج پڕی دەكاتەوە.