كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە میسر ٥٩ تەرمی مۆمیاییکراو دۆزرانەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شوێنەوارەکانی میسر دوێنێ شەممە ڕای گەیاند ٥٩ تەرمی مۆمیاییکراو کە تایبەتن بە مۆبد و سکرتێرانی سەردەمی فیرعەونەکان، لە گۆڕستانێکی پادشایانی میسر دۆزراونەتەوە.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی میسر، ئەو تەرمە مۆمیاییکراوانە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵە لەناو تابووتدا بوون و لەناو دیوارێکی ١٠ هەتا ١٢ میتری لەگەڵ ٢٨ پەیکەری یەکێک لە خوداکانی میسری کەونارا بەناوی "سوکر" دۆزراونەتەوە.

مستەفا وەزیری، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شوێنەوارە مێژووییەکانی مسیر ڕای گەیاندووە ئەو تەرمە مۆمیاییکراوانە تایبەتن بە مۆبد و سکرتێرانی فیرعەونەکانی میسر و چاوەڕێ دەکرێت پاش دۆزینەوەی ئەو تەرمانە، لە ئەنجامی هەڵکۆڵێنەکان کەلوپەل و ئاسەواری مێژوویی زیاتریش بدۆزرێنەوە.

میسر ماوەی دوو ساڵە لە ئەنجامی چەندین هەڵکۆڵینی چەند ناوچەیەک، چەندین شوێنەواری مێژوویی و کەونارایی دۆزیوەتە کە گرنگترینیان گۆڕستانێک بووە کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار و ٤٠٠ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە کە هی چاخ و دەورەی پێنجەمی پادشا کەوناراییەکانی میسری کۆنە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی میسر تیمی هەڵکۆڵین توانیویانە ئەو تابووت و تەرمە مۆمیاییکراوانە کە زۆر بە جوانی پارێزرابوون، بە ساخی لە خاک دەربێنن و پرۆسەی دۆزینەوەی شوێنەواری مێژوویی لە میسر بەردەوامە و بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەو شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە، لە مۆزەخانەی نیشتمانی دابنرێن.

بەرپرسانی شوێنەواری میسر هەفتەی ڕابردووش ڕایان گەیاند کە پەرستگەیەکی کۆنی مێژووییان دۆزیوەتە کە هی سەردەمی چاخی چوارەمی پادشاکانی فیرعەونە.