نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەک ئاراميی هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەک ئاراميی هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزین

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی ڕابردوو بڵاو كردەوە و داوای كرد هەموو لایەك ئارامیی هەرێمی كوردستان بپارێزن.

نێچیرڤان بارزانی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، کاتژمێر ۸:۳٠ی شەوی ڕابردوو، ”گرووپێکی تێکدەر“ شەش مووشەکی لە ناوچەی بەرتلەی پارێزگای مووسڵەوە، ئاراستەی بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر کرد، خۆشبەختانە هیچ زیانێکیان نەبوو.

جەختیشی كردەوە، لە کاتێکدا ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین، لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەداین كه‌ دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەکانیان بکەنە یەک بۆ ڕێگرتن لە هەموو کارێکی تێکدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێکدەرەکان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێیوایە كە دەبێت قوربانییەکانی پێشمەرگە و هەموو هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان هاندەر بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی هەموو عێراق و هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی جیهان لە عێراق، هەروەها ”دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵی هێنانەکایەی سەقامگیری بدەین لەو دۆخە خراپە ئابووریيەی بەهۆی په‌تاى ڤايرۆسى کۆرۆناوە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەمان و جیهاندا هاتووه‌“.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رای گەیاندووە: ”ئەوانەی هێرشی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن، دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەکان بە یەکدەستی به‌ره‌نگاريان ببنەوە و ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌، ئێمەش بە مەبەستی دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق مسته‌فا كازمى ئامادەی هەموو هاوکارى و پشتگيرییەکین كه‌ دڵنياين له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيردا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات“.