فەرماندەیەکی سوپای سووریای ئازاد: 250 سەربازمان ناردووەتە ئازەربایجان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەکی سوپای سووریای ئازاد: 250 سەربازمان ناردووەتە ئازەربایجان

تورکیا: ئەو زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە

هەرچەند توركیا رەتی دەكاتەوە چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووری ناردبێتە ئازەربایجان، بەڵام چەند سەرچاوەیەك پشتڕاستی دەكەنەوە كە سەدان چەكداری سوپای سووریای ئازاد نێردراونە ئازەربایجان.

چەند رۆژێك بەرلە ئێستا دەنگۆیەك لە میدیا جیهانییەكان بڵاو كرایەوە كە لەسەر داوای توركیا، هەزاران چەكداری سەر بە سوپای سووریای ئازاد نێردراون بۆ ئازەربایجان تا لەدژی ئەرمەنستان شەڕ بكەن، ئەگەرچی توركیا ئەمەی بە درۆ خستەوە، بەڵام سەرچاوەكان گومانەكەیان تۆختر كردووەتەوە و بابەتەكە بووەتە رۆژەڤی میدیاكان.

میدیاكان باس لەوە دەكەن، چەند فەرماندەیەكی سەر بە سوپای سووریای ئازاد لیستێكیان ئامادە كردووە و ناوی ئەو كەسانەیان تۆمار كردووە كە ویستوویانە بچنە شەڕ دژی ئەرمەنستان بكەن و بەشێكیشیان رۆیشتوون، بەڵام تاكوو ئێستا بەڵگەی تەواو بۆ ئەم دەنگۆیە نەخراوەتە روو.

حكوومەتی ئەرمەنستان بڵاوی كردەوە، لەسەر داوای توركیا ٤ هەزار سەربازی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێنراون بۆ ئازەربێجان و شەڕ دژی ئەرمەنستان دەكەن، بەڵام ئیلهام عەلیۆف سەركۆماری ئازەربایجان بۆ ئاژانسی (BBC) قسەی كردووە و دەڵێت ١٣٠ هەزار سەربازمان هەیە و پێوستمان بەوە نییە لە سووریاوە سەربازمان بۆ بنێرن.

ئەو دەڵێت: "ئەم هەواڵانە هەواڵی درۆن، ئەرمەنەكان پروپاگندەی بۆ دەكەن، ئەگەر شتێكی لەو شێوەیە هەیە با بەڵگەكان بڵاو بكەنەوە".

فەرماندەیەكی سەر بە سوپای سووریای ئازاد كە توركیا پاڵپشتی ئەو هێزە دەكات، نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت و قسەی بۆ (BBC) كردووە، ئەو دەڵێت ناوی هەزار سەربازمان نووسیوە كە ئارەزومەندانە دەیانەوێت بچنە ئازەربایجان و شەڕ لەدژی ئەرمەنەكان بكەن.

ئەو فەرماندەیە دەڵێت: "لە یەكەم هەنگاودا ٢٥٠ سەربازمان لە قەزای هاڤەری سەر بە كلیس لە توركیا كۆ بوونەوە و لەڕێگەی غازی عەنتابیشەوە بە فرۆكەیەكی كارگۆ براونەتە ئازەربێجان. دوای چەند رۆژێكی تر، ٢٥٠ سەربازی ترمان هەر بە فڕۆكەیەكی كارگۆ گواستەوە بۆ ئازەربێجان و ئێستا ئەوان ئامادەن شەڕی ئەرمەن بكەن".

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتووەتە دەست میدیاكان، هەر سەربازێك بیەوێت شەڕ دژی ئەرمەن بكات و بچێتە ئازەربایجان ١٨٠٠ دۆلار مووچەی مانگانەكەی دەبێت، بۆیە ئەو سەربازانەش رۆیشتوون، بەتەواوی ئامادە كراون و لە هەموو روویەكەوە ئامادەی شەڕن.

پێشتریش ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە، كە چەند چەكدارێكی سەر بە ئەحرارولشام لە عەفرین كە ئەو هێزەش توركیا پشتگیرییان دەكات، خۆیان ئامادە كردووە بە مووچەیەكی مانگانەی باش بچنە ئازەربایجان و شەڕ لەدژی ئەرمەنستان بكەن.

لەلایەكی تریشەوە رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانی لە ئیدلب قسەی لەگەڵ ٣ كەس كردووە، ئەو ٣ كەسە گوتوویانە ناویان تۆمار كراوە تا بچنە ئازەربایجان و پێیان گوتراوە شەڕ لە قەرەباخ دەكەن بۆ پشتگیری لە ئازەربایجان.

(BBC) بڵاوی كردووەتەوە، چەند فەرماندەیەكی سوپای سووریای ئازاد ئاشكرایان كردووە، وەكوو چۆن سەربازیان ناردە لیبیا بۆ شەڕكردن دژی خەلیفە حەفتەر، بە مووچەیەكی باش، ئێستاش ئەو سەربازانە دەیانەوێت پارەیەكی تر قازانج بكەن و بڕۆنە ئازەربایجان شەڕ لەدژی ئەرمەن بكەن و سەربازێكی زۆریش ئێستا لەوێن و شەڕ دەكەن.

توركیا لەڕێگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیاوە، بە ئاشكرا پشتگیریی بۆ ئازەربێجان راگەیاندووە. ئەردۆغان لە وتارێكدا گوتی ئێستا كاتی ئەوەیە ئەرمەنەكان خاكی ئازەربایجان چۆڵ بكەن، گەر وا نەكەن توركیا بە گیان و دڵ و سوپاوە پشتگیری لە ئازەربایجان دەكات.

بەڵام حامی ئاكسۆی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ میدیاكان گوتی: "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن توركیا چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریای ناردووەتە ئازەربایجان بێ بنەمایە و هیچ راستییەكی تێدا نییە".

(BBC) پەیوەندی بە چەند دیپلۆماتێكی رووسییەوە كردووە تا زانیاری بزانێت لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاو كراونەتەوە، بەڵام دیپلۆماتكارەكان گوتوویانە هیچ لێدوانێك لەو ڕووە نادەین، چونگە رووسیا چاودێریی بارودۆخەكە دەكات، تا بزانێت ئایا راستە توركیا چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریای گواستووەتەوە بۆ ئازەربێجان یان نا.