كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دادگایه‌كی چینی حوكمی له‌سێداره‌دان بۆ مامۆستایه‌ك ده‌رده‌كات

مامۆستاكه‌ 25 قوتابی ژه‌هراوی كردووه‌

دادگایه‌كی چینی حوكمی له‌سێداره‌دانی بۆ مامۆستایه‌ك ده‌ركردووه‌، كه‌ تاوانی ژه‌هراویكردنی 25 قوتابی له‌سه‌ر ئاشكرا بووه‌.

ئاژانسی (سكای نیوز) به‌ پشتبه‌ستن به‌ (فرانس پرێس) بڵاوی كردووەته‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/9/2020، دادگایه‌كی مامناوه‌ندی له‌ شاری جیاوزوو له‌ هه‌رێمی هینان له‌ چین، مامۆستایه‌كی سه‌ره‌تایی قوتابخانه‌ی "وانگ یون"ی به‌وه‌ تاوانبار كردووه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2019دا نیتریتی سۆدیۆمی له‌ شۆربای قوتابیان كردووه‌.

دادگایه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش‌ كردووه‌، كه‌ مامۆستاكه‌ وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ قوتابخانه‌كه‌ تاوانه‌كه‌ی كردووه‌.

نیتریتی سۆدیۆم، ئاوێته‌یه‌كی كیماییه ‌و بۆ پاراستنی گۆشت به‌كار دێت، به‌ڵام له‌ راده‌ی خۆی زیاتر به‌كار بێت ده‌بێته‌ ژه‌هرێك و بۆ مرۆڤ مەترسیدارە.

دادگاكه‌ ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ مامۆستاکە زانیویه‌تی پێكهاته‌كه‌ زیانبه‌خشه‌، به‌ڵام گوێی پێ نه‌داوه‌ و بڕیاری داوه‌ منداڵه‌كان ژه‌هراوی بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ئاكامه‌كه‌ی بكاته‌وه‌.

دادگای چینی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کردووە كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌مین جارە ئه‌و مامۆستایه‌ هه‌وڵی ژه‌هراویكردنی قوتابیانی داوه‌ و له‌ ساڵی 2017 شدا به‌هۆی ناكۆكیه‌كییه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ هاوسه‌ره‌كه‌شی ژه‌هرخوارد بكات.