ئابووریناسێک هۆشداریی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەی رژێمی بەعس لەلایەن حکوومەتی ئێستای عێراقەوە دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئابووریناسێک هۆشداریی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەی رژێمی بەعس لەلایەن حکوومەتی ئێستای عێراقەوە دەدات

”عێراق بە قەرزی دەرەکی دەکەوێتە ژێر مەرجی قورسی وڵاتانەوە“

ئابووریناسێک هۆشداری دەدات لەوەی عێراق بە قەرزی دەرەکی هاوشێوەی رژێمی پێشوو دەکەوێتە ژێر مەرجی قورسی وڵاتانەوە.

حکوومەتی عێراق دووچاری کێشەی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران هاتووە بە کورتهێنانی 20% و بەوهۆیەوە داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە، بە یاسایەک رەزامەندی بدات قەرزی دەرەکی بکا تاوەکو بتوانێ لە مانگەکانی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی بدات.

ئیدریس رەمەزان، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رەنگە دۆخێکی ناچاری بێت، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و جێگیرنەبوونی.

ئیدریس رەمەزان هۆشداریی دا لەوەی، قەرزی دەرەکی رەهەندی زۆر خراپی هەیە بۆ وڵات و هاوشێوەی رژێمی پێشوو، کە قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکەبوو و تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە بدرێتەوە، حکوومەتی ئێستاش دەکەوێتە ناو بارودۆخێکی سەختی دارایی، ”وڵاتان بە مەرجی قورس ئامادەی پێدانی قەرزن تاوەکو بتوانن بەتەواوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەسەر ئەو وڵاتەی قەرز دەکات فەرز بکەن“.

ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەش دا، پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکی بۆ مووچەی فەرمانبەران داهاتوویەکی باشی نابێت، چونکە ”ئەو قەرزە سووی دێتە سەر و دانەوەی ئاسان نابێت، بەتایبەتی بۆ بابەتی مووچە، کە وەبەرهێنان نییە و دواتر قازانج ناکات بۆ دانەوەی قەرزەکە.

ئیدریس رەمەزان جەختی لەوە کردەوە، کە، جگە عێراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە، کە ئەویش نەوتە، لە 2003ـەوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەیانتوانیوە وا لە عێراق بکەن، کە پشت بە سەرچاوەی دیکەی ئابووری ببەستێ، ئەمەش ئاسۆیەک نادات بۆ دیاربوونی کاتی دانەوەی قەرزەکان، چونکە هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نییە، تاوەکو عێراق توانای دانەوەی قەرزەکانی هەبێت.