كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان ١٧ کەسی کردە قوربانی

بەرپرسانی ویلایەتی دایکەندی لە ناوەندی ئەفغانستان ئاشکرایان کردووە، تەقینەوەی بۆمبێک کە بە ئۆتۆمبێلێکەوە لکێندراوە لە ناوچەی "کەجران"ی ئەو ویلایەتە بووەتە هۆی کوژرانی ١٤ هاووڵاتیی سڤیل و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

نەسروڵا غووری گوتەبێژی ویلایەتی دایکەندی بە میدیاکانی ئەفغانستانی ڕاگەیاندووە تەقینەوەکە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2020.9.29 لە گوندی "سولەیمان ئاباد" ڕووی داوە کە تێیدا حەوت ژن و پێنج منداڵ و دوو پیاو گیانیان لەدەست داوە و هاوکات سێ منداڵی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات تاریق ئارین گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

باس لەوە دەکرێت قوربانییەکان لەناو ئۆتۆمبێلێک بوون و بە مەبەستی سەردانی شوێنێکی ئایینی ڕۆیشتوون، کە بۆمبێکی چێندراو پێیاندا تەقیوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە قوربانییەکان ئەندامی خێزانێکن یان نا.

بە گوتەی گوتەبێژی ویلایەتی دایکەندی ئەو بۆمبە پیشتر لەلایەن چەکدارانی گرووپی تاڵیبانەوە چێندراوە.

 ئەم تەقینەوە و توندوتیژییانەی ئەفگانستان لە حاڵێکدان کە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان لە قەتەر بەردەوامن.