بەهرۆز جەعفەر بە كەفالەت ئازاد كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهرۆز جەعفەر بە كەفالەت ئازاد كرا

 

ڕۆژنامەنووس و چالاكوانێكی شاری سلێمانی كە لەسەر سكاڵای سەركۆماری عێراق دەستگیر كرابوو، بە كەفالەت ئازاد كرا.

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ٢٢ی ٩ی ٢٠٢٠ لەسەر سكاڵای بەرهەم ساڵح، سەركۆماری عێراق، بەهرۆز جەعفەر، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی شاری سلێمانی و سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی مێدیتریانە لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر كرا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ٩ی ٢٠٢٠ بە كەفالەت ئازاد كرا.

لەمبارەیەوە بەهرۆز جەعفەر بۆ (باسنیوز) جەختی كردەوە كە دۆسیەكەی وەك خۆیەتی و تەنیا بە كەفالەت ئازاد كراوە تا ڕۆژی دادگاییەكە.

لە لایەكی دیكەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، سوپاسی سەرجەم ناوەندە جیهانی و عێراقی و کوردییەكانی كرد كە لەبارەی دەستگیركردنەكەی بەدەنگ هاتوون.

بەهرۆز جەعفەر لەسەر نووسینی وتارێك بە ناوی (تا كەی سەركۆمار ڕۆنگ ساید لێ دەخوڕێت؟) و بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر كرابوو، هەرچەندە پارێزەرەكەی و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكان داوایان دەكرد، بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دادگا ئامادە نەبوو ئەو یاسایە بگۆڕێت كە بەهرۆز جەعفەری پێ تۆمەتبار كراوە. تەنانەت پارێزەر ئەیاد كاكەیی، لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە داوای كرد كە لەبەر ئەوەی سكاڵاكار سەركۆماری عێراقە، جیاوازی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەهرۆز جەعفەر نەكرێت.

لە دوای گیرانی بەهرۆز جەعفەر، جگە لە دامەزراوە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، هەریەك لە (كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان) و ڕێكخراوەكانی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ و چەندان دامەزراوەی دیكە لەسەر هێڵ بوون و داوای ئازادكردنی ئەو چالاكوانەیان دەكرد.