كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێنتاگۆن: هیچ پلانێكمان نییە بنكەی ئینجەرلیک لە توركیا دابخەین

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رای دەگەیەنێت، ئەمریكا هیچ پلانێكی نییە بنكەی ئینجەرلیك لە توركیا دابخات، چونكە تاكوو ئێستاش پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ هاوپەیمانەكەیان لە ناتۆ كە توركیایە هەیە و ئەو پێوەندییانەش بەردەوام دەبن.

ماوەی هەفتەیەكە میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی ئەمریكا لەگەڵ یۆنان هەیەتی و لە دەریای سپیش لەدژی توركیا پشتگیریی یۆنانی كرد، بۆیە ئەمریكا پلانی هەیە بنکەی ئینجەرلیك لە توركیا دابخات.

لەمبارەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا راگەیاندراوێكی بڵاو كرددووەتەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە كە میدیاكان باسیان لێوە كردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژەی داوە ئەمریكا لەسەر داوای توركیا، ساڵانێكی زۆرە لە بنكەی ئینجەرلیك چەندین ئۆپەراسیۆنی بەڕێوە بردووە، بۆیە بەردەامبوونی ئینجەرلیك بەو واتایە دێت، كە ئەمریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە.

هەروەها دەنگۆی داخستنی ئینجەرلیك بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت ئەمریكا هیچ پلانێكی لەو شێوەیەی نییە.

رۆژنامەی (تایمز) لە هەواڵێكدا لەبارەی داخستنی بنكەی ئینجەرلیك لە توركیا، باسی لە سەردانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ یۆنان کردووە و لەوێ بەڵێنی داوە لە ئەگەری هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكی توركیا و یۆنان لە دەریای سپی، سەربازی ئەمریكا لە یۆنان زیاد و جێگیری دەكات.

هەمان رۆژنامە ئاشكرای كردووە، حكوومەتی یۆنان پێشنیازیان بە پۆمپیۆ كردووە، بنكەی ئینجەرلیك لە توركیا دابخات و لە بەرامبەردا ئەو بنكەیە لە دوورگەی (گیریت)ی سەر بە یۆنان جێگیری بكات و پۆمپیۆش ئەم پێشنیازەی پێ باش بووە.