كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا كۆ بووه‌وه‌

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا چه‌ند پرسێك تاوتوێ كران.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ لۆرێنزۆ گوێرینى، وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌‌كدا دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى به‌رده‌وامیى كارى هاوبه‌ش و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق كرده‌وه‌ تا دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ له‌ناوچوونى یه‌كجاره‌كیى داعش، هه‌روه‌ها هاوڕابوون كه‌ هێشتا عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستیان به‌ هاوكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و له‌مباریه‌وه‌ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا به‌رده‌وامیى پشتگیرى و هاوكاریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئیتاڵیا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا هاوكاریى سه‌ربازى و مرۆیى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كردووه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئیتاڵیاى كرد كه‌ ڕه‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هێزه‌ ئیتاڵییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دا و سڵاوى بۆ یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ى سه‌ربازانى ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمى كوردستان نارد.

ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى دۆخى عێراقیش، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان ده‌ڕوانێت و گوتى: “ئه‌ركى نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى عێراق گرنگ و پێویسته‌ و بۆ هاوكارى و پشتگیرییه‌ له‌ عێراق و ده‌بێت سه‌لامه‌تى و ئاسایشیان بپارێزرێت، هه‌رێمى كوردستانیش هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانى مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كات”.

دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و سوودوه‌گرتن له‌ ئه‌زموونى ئیتاڵیا له‌مباره‌یه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ وه‌زیرى كاروباری پێشمه‌رگه‌ش ئاماده‌ى بوو.