شاندێکی باڵای دادوەریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شاندێکی باڵای دادوەریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.

ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە شاندەکە ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2020 سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، کۆ دەبێتەوە.

شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەندامێتیی چەند دادوەرێک، سەردانی هەولێر دەکات.

ئەندامانی شاندەکە:

-جاسم ئەلعومەیری، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری

- رەحیم عەبد حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری

- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

هەروەک شەفەق نیوز بڵاوی کردووەتەوە، شاندەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق جگە لە وەزیری داد و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ سەرکردایەتیی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکرێن، کە گرنگترینیان بریتی لە؛

- پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان

- پاڵپشتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

- هەمواری یاسای دادگای فیدراڵیی عێراق

- بەشداریی ئەنجوومەنیی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان لە دانانی ئەندامەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق