ئەمریكا دوو بژاردەی قورس دەخاتە بەردەم عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریكا دوو بژاردەی قورس دەخاتە بەردەم عێراق

دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەممە حكوومەتی عێراق لەناكاو كەوتە بەردەم ناڕەزاییەكی توندی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە بەرانبەر نەپاراستنی نێردەی دیبلۆماسیی واشنتۆن و هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر خاكی عێراق، ئێستاش چاودێران پێیانوایە عێراق تەنها دوو بژاردەی قورسی لەپێشە  .


دوای ئەوەی دوێنێ ئەمریكا بە توندی هەڕەشەی لە حكوومەتی كاتیی عێراق كرد كە تا ئێستا نەیتوانی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا و نێردە دیبلۆماتی و هێزەكانی هاوپەیمانان دابین بكات، ئاماژەشی بە ئەگەری داخستنی باڵوێزخانەكەی كرد، ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق ئاماژەیان بەوە دا كە عێراق ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، كە هەردووكیان قورسن و یەكەمیان ئەگەری داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریكایە لە بەغدا و گواستنەوەی كارەكانیەتی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، وەك ئارامترین شاری ناوچەكە، دووەم بژاردەش ئەگەری سەپاندنی سزایە بەسەر عێراقدا لەلایەن واشنتۆنەوە.


میدیاكانی ئەمریكاش ئاماژەیان بەوە داوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرگەی لەدەستدانی هێزە سەربازییەكانی یان نێردە دیبلۆماسییەكانی لە عێراق ناگرێت، بە تایبەتی كە چەند هەفتەیەكی كەمی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی وڵاتەكە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دیموكراتەكانی ڕكابەرییەوە بەوە تۆمەتبار كراوە كە بێباكە لە پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییانەی لە عێراق كار دەكەن.


لەلایەكی دیكەشەوە شارەزایانی سیاسی لە ئەمریكا ئاماژە بە پێویستی بەرزكردنەوەی كارتی هەڕەشەی سزادان بەسەر عێراقدا دەكەن، بۆ ئەوەی حكوومەتی بەغدا ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر ڕێگە ڕاستەكە و سیاسەتی خۆی بگۆڕێت لە پاراستنی ئاسایش و ئەنجامدانی چاكسازی.


لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی لە زاری دیبلۆماتكارێكی وڵاتەكەی گواستووەتەوە كە ئەگەری هەیە ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی 90 ڕۆژ باڵوێزخانەكەی لە بەغدا دابخات، ئەمەش دوای ئەوەی مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە شێوەیەكی نهێنی حكوومەتی عێراقی ئاگادار كردبووەوە لەوەی وڵاتەكەی باڵوێزخانەكەی دادەخات، ئەگەر حكوومەتی بەغدا هێرشەكانی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەوەستێنێت.