كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی مریشک دەدات

ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر-ی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کە ئەرکی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەرە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دیکەی ئەنجامدا و لەمیانەدا چەند بڕیارێکی بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی مریشک دا.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 28/9/2020، بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ئامادەبوونی كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەت دووەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر ئەنجام دراوە لە كۆبوونەوەكە چەند بڕیارێك دراوە"بە جۆرێك بەردەوامیدان بە باجی گومرگی لەسەر هێلكەی تروكاندن، هەروەها تەنیا خاوەن هەڵێنەرەكان دەتوانن هێلكە تروكاندن هاوردە بكەن بە پێی توانای پڕۆژەكانیان".

لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە "دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتی كەرتی پەلەوەری، زیادكردنی باج لەسەر پارچەكانی مریشك، ئاسانكاری كرێی كارەبا و سۆیە دەكرێت بۆ كارگەكانی ئالیك، لە بەرامبەردا پێویستە ئەوانیش نرخی ئالیك دابەزێنن بۆ ئەوەی نرخی مریشك لەسەر هاووڵاتی كەم بێتەوە چەند بڕیارێكی تری كۆبوونەوەكە بوو".

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە "لیژنەیەك چاودێری هەڵێنەرەكان دەكات، چارەسەركردنی هەناردەی بەرهەمی مریشك بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و پڕۆژە یاسایەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پێداچوونەوە بەكاری سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵی و ڤێتێرنەریەكان لەگەڵ قەرزە كەڵەكە بووەكانی سەر پڕۆژەكان بكرێتە قەرزی درێژخایەن بڕیاری تری كۆبوونەوەكە بوون".

ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بە فرمانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێكهاتووە، بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەر، كە پێكهاتووە لە نوێنەری سەرجەم خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان، سەربڕخانە، كارگەكانی ئالیك، هەڵێنەرەكان و كۆمەڵە پەلەوەریەكان و بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەكانی وەزارەت، كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت.