روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوانەوە

 

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی فەرمانی وەزاری رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب بڵاو کردەوە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: "بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نووسەران‌و رووناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە".

دەقی روونکردنەوەکە:

بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نووسەران‌و رووناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە:

1- ئەو فەرمانەمان پشتی بە رێنمایی ژمارە(6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە(10)ی ساڵی 1993 دەرچووە.

كە لەمادەی نۆی ئەو یاسایەدا زۆر بەروونی بڵاوكرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە كردووە كە جنێوو تانوت لێدان‌و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین‌و مەزهەبەكان‌و داب‌و نەریت‌و سیستمی گشتی تێدا بێ‌.

2- فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە.

3- ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن.

هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن ‌و سنورێك بۆ جنێودان‌ و ناوزڕاندن دابنرێت.

4- ئەمڕۆ 27-9-2020، بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان‌و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان درا‌و لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن‌و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە. ئەوە بۆ یەكەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجە‌و گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ كارئاسانی بۆ نووسەران‌و رووناكبیران.

5- نووسەران‌ و رووناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نووسەران‌و رووناكبیران‌و ئازادی بیرورا دەبێ‌.

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان
28-9-2020