كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فڕۆكەخانەی بەغدا... لە هێرشێكی مووشەكیدا پێنج كەس كوژران


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنجامی هێرشێكی مووشەكیدا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، پێنج كەس لە ماڵێكی نزیك فڕۆكەخانەكەدا كوژران.


پێش كەمێك كەناڵی (ئەلعەرەبیە) بڵاوی كردەوە لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی چوار مووشەك لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ماڵێك لە پشت فڕۆكەخانەكە مووشەكێكی بەركەوت، بەم هۆیەوە پێنج ئەندامی ماڵەكە كوژران.


جێی باسە لە دوێنێوە بەهۆی بەردەوامیی هێرشە مووشەكییەكانەوە دۆخی عێراق شڵەژاوە، بە تایبەتییش دوای ئەوەی ئەمریكا ڕاستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەكە و كردنە ئامانجی 120 پێگەی لەناو خاكی عێراق كرد، ئەگەر هاووڵاتییەكی ئەمریكی بەهۆی ئەم هێرشانەوە بكوژرێت.


چەند مانگێكە زنجیرەی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و كاروانە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە ناوچە جیاوازەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە، لەمبارەیەوە ئەمریكا میلیشیا شیعیەكانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەكات.