پەرلەمانتارێكی ئەرمینیا داوای پشتیوانی كوردانی سێ پارچەی كوردستان دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی ئەرمینیا داوای پشتیوانی كوردانی سێ پارچەی كوردستان دەكات


ئەمڕۆ دووشەممە كەنیاز حەسەنۆڤ ئەندام پەرلەمانی ئەرمینیای بە نەتەوە كورد، داوای پشتیوانی لە كوردانی پارچەكانی باكوور، باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان كرد، تا ڕێگە بە دەستدرێژی توركیا و ئازەربایجان نەدرێت بۆ سەر ئەرمینیا.


حەسەنۆڤ ئەندامی فراكسیۆنی "ئیم كایل" لە پەرلەمانی ئەرمینیا، لە وتەیەكیدا كە ماڵپەڕی "ئەرمەن پرێس" گواستوویەتیەوە، داوای لە گەلی كورد لە پارچەكانی باكوور، رۆژئاوا و باشوور كردووە، پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ئەرمەن رابگەیەنن، بۆ ڕێگرتن لە ئامانجە دوورمەوداكانی توركیا و ئازەربایجان.


پەرلەمانتارە كوردەكەی ئەرمینیا لە كۆبوونەوەی دەركردنی بەیاننامەی پەرلەمانی ئەرمینیادا لەبارەی هێرشی دوژمنكارانەی ئازەربایجان بۆ سەر كۆماری قەرەباخ، ڕووی قسەی لە گەلی كورد كرد و داوای پشتیوانی لێ كردن.


حەسەنۆڤ ئاماژەی بەوە دا كە بەردەوام دەوڵەتی توركیا پشتیوانی ئازەربایجان بووە و بەردەوامیش بە ئاشكرا دوژمنكاری خۆی بۆ گەلی كورد دووپات كردووەتەوە، هەموو ڕۆژێكیش كۆمەڵكوژی دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجام دەدات، بۆیە قەرزارباری ئەوەین بەیەكەوە سەركۆنەی توركیا و ئازەربایجان بكەین و پشتیوانییش بۆ گەلی ئەرمەن دەربڕین.


ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاندبوو حكوومەتی وڵاتەكەی بە نیازە دان بە سەربەخۆیی "كۆماری قەرەباخ"دا بنێت، ئەمەش كەمێك دوای ئەوەی حكوومەتی ئازەربایجان باری لەناكاو و دۆخی جەنگی ڕاگەیاندبوو.


لەگەڵ بەردەوامیی گرژییە سەربازییەكانی وڵاتی ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباخ، دوێنێ ئێوارە نیكۆڵ باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاندبوو ئیدارەی یەریڤان بە نیازە چاو لە پرسی دانپێدانان بە سەربەخۆیی كۆماری قەرەباخ بكات.


باشینیان لە وتەیەكدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتبووی "بەڵێ، پێویستە چاو بە پرسی دانپێدانان بە سەربەخۆیی ئارتساخدا بخشێنینەوە". مەبەستی لە "ئارتساخ" ناوی كۆماری قەرەباخە بە زمانی ئەرمەنی، كە لەلایەن دەوڵەتی ئەرمینیاوە دانی پێدا نەنراوە.


ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان هەمان ئێوارە رایگەیاندبوو كە باوەڕی وایە هێرشی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر قەرەباخ سنوورێك بۆ داگیركردنی خاكی ئازەربایجان دادەنێت.


لەلایەكی ترەوە هەر ئێوارەی دوێنێ حیكمەت حاجیێف یاریدەری سەرۆكی ئازەربایجان، بە فەرمی دۆخی شەڕ و لەناكاوی لە تەواوی وڵاتەكەدا راگەیاند، بە جۆرێك لە كاتژمێر نۆی دوێنێ شەوەوە تا شەشی بەیانی، هەموو هاتوچۆیەك لە وڵاتەكە قەدەغە كرا.


بەیانیی دوێنێ یەكشەممە شەڕ و پێكدادانێكی توند لە قەرەباخ لە نێوان سوپای ئەرمینیا و هێزی لۆكاڵی قەرەباخ لەگەڵ سوپای ئازەربایجاندا بەرپابوو.


هەرێمی قەرەباخ لە ئەنجامی ململانێیەكی سەربازیدا، لەوەتەی ساڵی 1991ەوە لە ئازەربایجان جیابووەتەوە، دوای ئەوەی لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی جاراندا بە ئازەربایجانەوە لكێندرابوو، بەڵام وەكو دەوڵەت لە جیهاندا دانی پێدا نەنراوە.