كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هێمن هەورامی: هەفتەی داهاتوو دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت دەكرێت

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە هەفتەی داهاتوو، دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

كەمێك لەمەوبەر لە پرێس كۆنفرانسێكدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، دوێنێ بە فەرمی داواكاریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لەبارەی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان بەدەست گەیشتووە و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ٩ی ٢٠٢٠، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبۆتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بڕیار دراوە، هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوە تایبەتە بكرێت كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردبوو.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەریەك لە جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری دارایی، وەزیری تەندروستی و ئەو وەزیرانەش ئامادە دەبن كە پەیوەندیدارن بە تەوەرەكانی گفتوگۆ.

پێشتر لە راگەیاندراوێكی فەرمیدا ئاشكرا كرابوو، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت ڕێکبخات کە تێیدا سەرۆکی حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستیی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتارێک پێشکەش دەکات.

بەپێی بڕگەی دووەمی ماددە ٦٦ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ ڕۆژ تێپەڕ نەکات، ئەو دانیشتنە ڕێک بخات.