پاریس ئاهەنگێک لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی لوبنان ساز دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پاریس ئاهەنگێک لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی لوبنان ساز دەکات

بە فەرمانی کۆشکی ئیلیزیەی فەڕەنسا لە 1ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، شانۆی ئۆلۆمپیی دێرینی پاریس، ئاهەنگێکی گەورەی گۆرانی لەژێر ناونیشانی (پێکەوە لەپێناو لوبنان) ساز دەکات کە تێیدا هونەرمەندانی لوبنانی و جیهانی بەشداری دەکەن.

ئاهەنگەکە بە سەرپەرشتیی میوزیکژەنی لوبنانی فەرەنسی (ئیبراهیم مەعلووف) بەڕێوە دەچێت و تەلەفزیۆنی فەرمیی فەڕەنسی راستەوخۆ دەیگوازێتەوە. ئەمەش وەک پاڵپشتیی گەل و سەرۆکایەتیی فەرەنسایە بۆ گەلی لوبنانی کە دوای تەقینەوە ترسناکەکەی سەرەتای مانگی ئابی رابردوو، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 190 کەس و برینداربوونی نزیکەی 6500 کەسی دیکە.

پێش ئاهەنگەکە، کەناڵی (فرانس 2)ی فەڕەنسی، بەرنامەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ پێشکەشکاری بەناوبانگ (ناجی فام)، بە بەشداریی راگەیاندکاری بەناوبانگی فەرەنسی- لوبنانی (لیا سەلامە) ساز دەکات.

دوای ئەم بەرنامەیە، راپۆرتێکی بەرنامەی (نێردەی تایبەت) نمایش دەکرێ، کە گرفت و تەنگوچەڵەمەی رزگاربوانی تەقینەوەکە دەگوازێتەوە، هەروەها باسی ئەو ساتانە دەکات، کە بەدوای ژیان لەناو پارچە ساچمە و پاشماوەکاندا دەگەڕێن.

ئینجا ئاهەنگەکە، هاوشان لەگەڵ میوزکژەنی لوبنانی (ئوسامە ئەلرەحبانی) و هونەرمەندی جیهانی (میکا)، دەستەبژێرێک لە هونەرمەندانی فەڕەنسیی بەشداریی دەکەن، لەناویاندا (ستینگ، باسکاڵ ئۆبیسبۆ و پاتریک فیۆری)، جگە لە میوزیکژەنی لوبنانی- ئەرمەنی (ئەستریگ سیرانۆسیان) و پیانۆژەنی بەناوبانگ (عەبدولڕەحمان پاشا) و ئاوازدانەری مۆسیقا (خالد مزنەر).

بەڕێوەبەری هونەریی ئاهەنگەکە (ئیبراهیم مەعلووف) بۆ (سکای نیوز)ی عەرەبی دووپاتی کردووەتەوە: "ئەگەر ئاهەنگەکە وەک ئەوەی کاری بۆ نەخشەی بۆ کێشراوە بەڕێوە بچێت، ئەوا سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانۆئیل ماکرۆن) و خانمی یەکەمی فەڕەنسا (بریجیت ماکرۆن) ئامادەی بینینی دەبن".

دەشڵێت: "ئەم ئاهەنگە سیمبۆلێکی تایبەت و رەنگدانەوەی هاوکاریی و پاڵپشتییەکی فراوانە، کە هونەرمەندانی فەڕەنسی و لوبنانی بەرامبەر بە گەلی لوبنانی دەریدەبڕن، هەر لە ئاهەنگەکەدا کار ئەکەین بۆ کۆکردنەوەی گەورەترین کۆمەک، کە نیوەی بۆ مانگی سووری لوبنانییە و نیوەکەی دیکەی بۆ پشتگیریی ژمارەیەک کۆمەڵەی رۆشنبیری و کولتووریی لوبنانی دەبێت".

 ئەمە تاکە دەستپێشخەریی نییە بۆ دەربازکردنی لوبنان، پێشتری چەندین دەستپێشخەریی هونەرمەندە لوبنانی و جیهانییەکان کراوە، لەناویاندا دەستپێشخەریی (لەژێر خۆڵ هەستەوە)، کە دیزاینەری لوبنانی- جیهانی (زوهێر مراد)، بە بەشداریی ناودارە عەرەبی و جیهانییەکان سازی کرد، بۆ دەستەبەرکردنی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تەقینەوەکە، ئەویش بە کڕینی کڕینی کراسێک لەرێگەی ئینتەرنێتەوە، کە لەسەری نووسرابوو (ژیانەوە لەژێر خۆڵدا)، ئەم هەڵمەتە لە پێگەی ئینیستگرام، پاڵپشتییەکی فراوانی بەدەست هێنا، کە زیاتر لە 5 ملیۆن بەکارهێنەر بوو.

لە دیارترین ئەو ئەستێرانەی کۆمەکی دەستپێشخەرییەکەیان کرد، خاتوونە گۆرانیبێژی ئەمریکی (جنیفەر لۆبیز) بوو، کە وێنەی خۆی لەسەر کراسێک بڵاو کردەوە و تەنیا لە ماوەی  دوو سەعات لەبەرکردنی کراسەکە، 10 هەزار دانەی لێ فرۆشرا.

لای خۆشییەوە، ژنە هونەرمەندی لوبنانی (ئەلیسا)، لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە ئەنیستیگرام، هەڵمەتێکی کۆمەکی لەژێر ناوی (بژی، خۆشتبوێ، یارمەتیی لوبنان بدە)دا راگەیاند، بۆ هاوکاریی رێکخراوە ناحکوومییەکان، کە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانە دەکەن، کە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکەی بەندەری بەیرووت کەوتوونەتەوە، بڕی بەخشینەکە لە یەک مانگدا گەیشتە 50 هەزار دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی کە نامەیەکی سەرنجڕاکێشی ئاراستەی هەوادارانی کرد لە سەرانسەری جیهان.

رۆژی سێشەمە (4ی ئاب)ی رابردوو، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووت رووی دا، حەسان دیاب، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان ئەوکات رای گەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی پێشتر کۆگاکردنی دوو تۆن و 750 کیلۆگرام نیترات ئەمۆنیۆمەوە بووە. تەقینەوەکە بووە هۆی خاپووربوونی بەشێکی زۆری ناوچەکانی دەوروبەری، جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 190 کەی و  برینداربوونی نزیکەی شەش هەزار و 500 کەسی دیکە. لە هەمانکاتدا نزیکەی 300 هەزار کەس لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. بەگوێرەی پێشنبینییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، زیانەکانی تەقینەوەکە بە نزیکەی 8 ملیار دۆلار دەقەبڵێندرێن، جگە لەوە، لوبنان پێویستی بە سەرووی 700 ملیۆن دۆلار دەبێ، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەستێتەوە سەر پێ.