شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان زیاتر لە ١٢٠ قوربانیی لێ کەوتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان زیاتر لە ١٢٠ قوربانیی لێ کەوتەوە

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا، دوێنێ یەکشەممە ١٦ سەرباز و شەش هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون و ئەم ڕووداوانە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەی قەفقازیای باشوور.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) دوێنێ یەکشەممە بەرپرسانی ناوچەی ناگۆرنۆ -قەرەباخ ڕایان گەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەکانی سوپای ئازەربایجان، ١٦ سەرباز کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای ئەو هێرشانە ئەرمینیا و ناگۆرنۆ - قەرەباخ حکوومەتی سەربازی و دۆخی نائاساییان ڕاگەیاندووە و هەموو پیاوانی وڵاتیان ئامادەی شەڕ کردووە. لە بەرانبەردا هاوکات ئازەربایجانیش دۆخی شەڕی ڕاگەیاندووە و ئاشکرای کردووە ئەو هێرشانەی ئەوان کاردانەوە بووە بە هێرشەکانی ئەرمینیا کە تێیدا پێنج ئەندامی خێزانێک کوژراون.

بە گوتەی بەرپرسانی ئازەربایجان، هێزەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە دەست بەسەر شەش گوندی ناوچەی ناگۆرنۆ - قەرەباخدا بگرن، کە سەرەتا بەرپرسانی ناگۆرنۆ ئەو زانیارییانەیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دواتر دانیان پێدا ناوە کە هەندێ گوند کەوتوونەتە دەست هێزەکانی ئازەربایجان.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە سەربەخۆییخوازەکان لە ناگۆرنۆ - قەرەباخ دوێنێ یەکشەممە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازەربایجانیان خستووەتە خوارەوە. هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە و ١٠ تانکی ئازەربایجانیشیان تەقاندووەتەوە.

بەرپرسانی ناگۆرنۆ - قەرەباخ ڕایان گەیاندووە کە بەرەبەیانی دوێنی یەکشەممە هێزەکانی ئازەربایجان بنکە سەربازییەکانی ئەو ناوچەیان لە شاری سنووریی ئێستپاناکرت (خانکەندی)یان بۆردومان کردووە.

  نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیاش ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئازەربایجان لە ناوچەی کێشەلەسەری ئاگۆرنۆ - قەرەباخ هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی مەدەنی.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە ئێمە وەڵامی پێویست بەو هێرشانە دەدەینەوە و بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو دۆخە ناجێگیرە لە ئەستۆی ڕێبەرانی سیاسی – سەربازیی ئازەربایجانە.

لە بەرانبەردا وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانیش ڕای گەیاندووە کە ئەوان "بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی هەوڵە شەڕخوازانەکانی ئەرمینیا بەرگرییان لە خۆیان کردووە و هەوڵیان لەڕاستای دابینکردنی سەقامگیریی ناوچەکە دایە".

ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دوای ئەوە سەری هەڵداوە کە ئازەربایجان باس لەوە دەکات ٢٠٪ی خاکەکەی یەک لەوان ناوچەی (ئاگۆرنۆ – قەرەباخ) و حەوت ناوچەی دیکە ماوەی سێ دەیەیە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیر کراوە و ئەو ناوچانە دەبێ بگەڕێندرینەوە سەر خاکی ئازەربایجان.

دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان گفتوگۆی تەلەفۆنیی هەبووە.

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو ئاڵۆزییانەی نیوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، تورکیا داوای ڕاگرتنی شەڕی کردووە و هەڕەشەی لە ئەرمینیاش کردووە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تویتێکدا ڕای گەیاندووە ئەنقەرە بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی ئازەربایجان دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد ئێمە بە وردی ڕەوشەکە چاودێری دەکەین و پێوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچەیە هەیە و هەموو هەوڵمان ئەوەیە بزانین دەتوانین ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە ڕابگرین.

هەر دوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان ساڵانێکی زۆرە لەسەر ناوچەی کوێستانیی قەرەباخ پێکەوە کێشە و ناوکۆکییان هەیە. ئەو ناوچەیە بە زۆرینە ئەرمەنین کە بەشێک لە خاکی ئازەربایجانە و لە کاتی کۆتایی شەڕ لە ساڵی ١٩٩٤ کەوتووەتە ژیر کۆنترۆڵی ئەرمینیا. هەردوو لایەن هەمان ساڵ لەبارەی ئەو ناوچەیە ئاگربەستیان واژۆ کردووە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە هێشتا کۆتایی بە کیشە و ململانێی نێوان دوو وڵات نەهێناوە.

ئەم کێشە و ناوکۆکییانە لە کاتێکدان کە قەرەباخ کۆمارێکی سەربەخۆیە و خەڵکەکەی خوازیاری سەربەخۆیین و داوا دەکەن وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە سەربەخۆییاندا بنێن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵاتێک دانی بە سەربەخۆییاندا نەناوە و ئێستا ئەرمینیا دوای سەرهەڵدانی ئەم ئاڵۆزییانە خەریکە داننا بە سەربەخۆیی قەرەباخ بخاتە بەرنامەی خۆیەوە.