"ئەمریکا بەشێک لە ستافی باڵوێزخانەی لە بەغدا دەگوازێتەوە بۆ کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"ئەمریکا بەشێک لە ستافی باڵوێزخانەی لە بەغدا دەگوازێتەوە بۆ کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر"

ماڵپەڕەکانی (Washington Post) و (Wall Street Journal)ی ئەمریکی دەڵێن ئیدارەی تڕامپ حکوومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە خەریکی ئامادەکارین بۆ داخستنی باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا.

ڕاپۆرتەکان لە سەر زاری بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ داخستنی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا و گواستنەوەی بەشێک لە ستافەکەی بۆ کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، بەو پێیەی کە نیازی نییە کۆنسوڵخانەکەی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دابخات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردەوە كە ماتیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمریكا باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا بەجێهێشتووە ڕووی لە كۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێر كردووە و هەواڵیش هەیە كە دووشەممە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دابخرێت.


ئەم بڕیارە دوای ئەوەی دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو مایک پۆمپێۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح هۆشداری داخستنی باڵوێزخانەکەی دابوو ئەگەر حکوومەتی بەغدا هەنگاوی جددی نەنێت بۆ وەستاندنی هێرشەکانی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیاری کۆتایی پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە لە لایەن واشنتۆنەوە دەربچێت و ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کە داخستنی تەواوتی باڵوێزخانەکە، بەو پێیەی گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمریکایە لەسەر ئاستی جیهان، نزیکەی سێ مانگی پێ دەچێت.