كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەرمینیا بە نیازە دان بە سەربەخۆیی "قەرەباخ"دا بنێت

ئازەربایجان باری لەناكاوی راگەیاند


ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند حكوومەتی وڵاتەكەی بە نیازە دان بە سەربەخۆیی "كۆماری قەرەباخ"دا بنێت، ئەمەش كەمێك دوای ئەوەی حكوومەتی ئازەربایجان باری لەناكاو و دۆخی جەنگی ڕاگەیاند.


لەگەڵ بەردەوامیی گرژییە سەربازییەكانی وڵاتی ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباخ، ئەم ئێوارەیە نیكۆڵ باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند ئیدارەی یەریڤان بە نیازە چاو لە پرسی دانپێدانان بە سەربەخۆیی كۆماری قەرەباخ بكات.


باشینیان لە وتەیەكدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتی "بەڵێ، پێویستە چاو بە پرسی دانپێدانان بە سەربەخۆیی ئارتساخدا بخشێنینەوە". مەبەستی لە "ئارتساخ" ناوی كۆماری قەرەباخە بە زمانی ئەرمەنی، كە لەلایەن دەوڵەتی ئەرمینیاوە دانی پێدا نەنراوە.


ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان ئەم ئێوارەیە رایگەیاندبوو كە باوەڕی وایە هێرشی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر قەرەباخ سنوورێك بۆ داگیركردنی خاكی ئازەربایجان دادەنێت.


لەلایەكی ترەوە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ حیكمەت حاجیێف یاریدەری سەرۆكی ئازەربایجان، بە فەرمی دۆخی شەڕ و لەناكاوی لە تەواوی وڵاتەكەدا راگەیاند، بە جۆرێك لە كاتژمێر نۆی ئەمشەوەوە تا شەشی بەیانی، هەموو هاتوچۆیەك لە وڵاتەكە قەدەغە دەكرێت.


بەیانیی ئەمڕۆ شەڕ و پێكدادانێكی توند لە قەرەباخ لە نێوان سوپای ئەرمینیا و هێزی لۆكاڵی قەرەباخ لەگەڵ سوپای ئازەربایجان ڕووی دا.


هەرێمی قەرەباخ لە ئەنجامی ململانێیەكی سەربازیدا، لەوەتەی ساڵی 1991ەوە لە ئازەربایجان جیابووەتەوە، دوای ئەوەی لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی جاراندا بە ئازەربایجانەوە لكێندرابوو، بەڵام وەكو دەوڵەت لە جیهاندا دانی پێدا نەنراوە.