كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمریكا هەڕەشەی بۆردوومانكردنی 120 پێگەی كردووە لە عێراق


ئەمڕۆ یەكشەممە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" بڵاوی كردەوە ئەمریكا هەڕەشەی كردنە ئامانجی 120 پێگەی كردووە لەگەڵ عێراق، ئەگەر ئەم هێرشانەی دەكرێنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتەكە لە بەغدا بەردەوام بێت.

 

كەناڵی (ئەلدیجلە)ی عێراقی لە ئاژانسە فەرەنسیەكەی گواستووەتەوە كە ئیدارەی ئەمریكا زۆر تووڕەیە لە دووبارەبوونەوەی ڕۆژانەی هێرشەكانی دەكرێنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، سەرباری ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.


بە پێی كەناڵەكە، ئەمریكا هەڕەشەی لە عێراق كردووە بەوەی ئەگەر هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیبلۆماسی و هێزە سەربازییەكانیان لە عێراق بەردەوام بێت، ئەوا 120 پێگەیان لە عێراق دەستنیشان كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا بۆردوومانی بكەن.


ئەمریكا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر هەر یەكێك لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر نێردەكانیان لە عێراق، ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەكی ئەمریكی، وەڵامی ئاگرینیان دەبێت.


جێی باسە ماوەی چەند مانگێكە، بە تایبەتی دوابەدوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی كاتیی مستەفا كازمی، ڕۆژانە بە شێوەیەكی بەردەوام هێرشی مووشەكی و تیرۆریستی دەكرێتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و كاروانەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات.