كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دوای 100 ساڵ ئایا پایتەختی ئێران لە تارانەوە بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕدرێت؟

 

هەر چەند ساڵ جارێک، پێشنیازی گۆڕینی پایتەختی ئێران دەدرێتە پەرلەمان و دوای ماوەیەک پێشنیازەکە رەت دەکرێتەوە.

پەرویز حەناچی (شارەداری تاران)، پێشنیازی گۆڕینی پایتەخت بە پێشنیازێکی پسپۆڕانە نازانێت و دوور لە پێوانەکانی شارسازی ناوی دەبات. بەڕێوەبەری شوورای شاری تاران، وەکوو جاری پێشووتر ئەم پێشنیازە رەت دەکاتەوە، هەروەها لە لایەن دەوڵەتی رۆحانی، هیچ کاردانەوەیەک سەبارەت بەم بابەتە پیشان نەدراوە و ئەم جارەش پێشنیازەکە لەسەر کاغەز مایەوە، تەنانەت بەدواداچوونیشی بۆ ناکرێت.

لە ساڵی 2001 تا ئێستا، چەندین جار چارەسەری نەمانی کێشە و گرفتەکانی شاری تاران و گۆڕینی پایتەخت بۆ شارێکی تر پێشنیار کراوە.

بۆچوونی سەرەکی ئەوەیە، رێژەی زۆری کارمەندانی وەزارەتخانەکان و دەزگا دەوڵەتییەکان و دامەزراندنی ناکارامە، هەر هەموو ئەمانە هۆکاری زیادبوونی رێژەی زۆری دانیشتوانی شاری تارانن، بەڵام کارێکی ئاسان نییە، پایتەختێک کە زیاتر لە 100 ساڵە مێژووی سیاسی و ئابووریی هەیە، بەئاسانی بگۆڕدرێت.

لە دەورەی سەرکۆماری پێشووی وڵاتی ئێران مەحموود ئەحمەدی نژاد، بۆ تەنیا یەک جار قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پایتەختی تاران ئەنجام درا، بەڵام هەر لە رۆژەکانی سەرەتادا تووشی شکست بوو و زیانێکی مادیی زۆری لێ کەوتەوە، دوای ئەو ئەزموونە، گۆڕینی پایتەخت پێشنیار نەکرایەوە.

ساڵی 2015 یاسای بەدواداچوونی ئەگەری جێبەجێکردنی ناوەندی سیاسی و ئیداریی وڵات و رێکخستنی چڕنەبوونەوەی ئیدارەکان لە شاری تاران، لە پەرلەمان بە کۆی دەنگ گەیشت، هەرچەندە ئەم یاسایە توانای جێبەجێکردنی نییە، بەڵام مەبەست لەم یاسایە ئەوەیە، هەر پێشنیاز و پێشنیارێک سەبارەت بە گۆڕینی پایتەخت، دەبێ لەژێر چاودێریی پارێزگای تاران بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

چەند رۆژ پێش ئێستا، ئەبولفەزڵ ئەبووتورابی، نوێنەری شوورای ئیسلامیی تاران، باسی لە نامە و وتووێژێکی نێوان سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی و قەرارگای خاتەمولئەنبیا، کە لە بازنەیەکی چالاکی ئاوەدانسازی و بە تواناکردنی رۆحی مەدەنی و پیلانی 20 ساڵەی ئامانجی مەدەنی کار دەکات، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، تاکوو بەبێ وەرگرتنی هیچ بودجەیەک لە لایەن دەوڵەت ئەرکی گۆڕینی پایتەخت لە ئەستۆ بگرێت. بەڵام شارەداریی تاران ئەو داواکارییە بە دوور لە خوێندنەوەیەکی زانستی دەزانێت و دەڵێت لە سەر ئەساسی شارسازی نییه.

هەروەها دەڵێت، پرسی جێبەجێکردنی پایتەخت پێش ساڵانی 1960 ئەنجام دەدرا و شتێکی ئاسایی بووە، بەڵام پاش 60کان ئەم کارە زۆر بەدەگمەن ئەنجام دراوە.


ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە هەر دەورەیەکی سەرکۆمار، لە لایەن کاربەدەستانەوە پێشنیار دەکرێت و لە ژووری وتووێژەکان گەیشتوون، بەو ئەنجامەی کە گۆڕینی پایتەخت پێویستی بە سەدان هەزار ملیار تومەنە، لەکاتێکدا دەکرێت بەشێکی کەمی ئەو بودجەیە سەرفی ژێرخانی شاری تاران بکرێت، تاکوو قایمتر بێت و کێشە و گرفتی زۆری دانیشتوانی شاری تارانی پێ چارەسەر بکرێت.

پەرویز حەناچی، شارەداری تاران لەم بارەیەوە دەڵێ: “ئەگەر بەم شێوەیەی، کە شاری تاران سەرپەرشتیی دەکەین، شارێکی دیکە سەرپەرشتی بکەین، هەمان کێشە رووبەڕوومان دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا گرفتەکانی تاران وەکوو خۆی دەمێننەوە.

پەرویز حەناچی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: یەکێک لە کێشەکانی شارە زەبەلاحەکان ئەوەیە، کە رووبەریان ئەوەندە گەشە دەکات و ژمارەی دانیشتوان زیاد دەبێت، کە سەرپەرشتیکردنیان کارێکی ئەستەم دەبێت و لە کونترۆڵ دەردەچێت، یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە سیستەمی هاتوچۆ لەنێو شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری تاران ئاسانتر و خێراتر بکرێتەوە و بیر لە گەورەترکردنی شارەکانی دەوروبەر بکەینەوە و بەم شێوەیە دەتوانین تا رادەیەکی بەرچاو چارەسەری گرفتی زۆریی دانیشتوان بکەین و بە بودجەیەکی کەمتر لە بودجەی گۆڕینی پایتەخت، دەکرێ شاری تارانی پێ قایمتر بکرێت و بەم شێوەیە دیسانەوە بۆ جاری چەندەمین، پێشنیازی گۆڕینی پایتەخت رەت کرایەوە.