كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە هەولێر (نازدار حەیران) دەبێتە جێژوانی رۆشنبیران و هونەرمەندان و كتێبدۆستان

 

قاوەخانەی (نازدار حەیران)، ناوەندێکی کولتووری و فەرھەنگی و ھزرییە و لە سێیەمین ساڵڤەگەڕی ریفراندۆمە مەزنەكەی كوردستانی باشوور، لە رێورەسمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان و كتێبدۆستان كرایەوە.

بەپێی قسەی رۆژنامەوان بەرزان عەلی حەمە كە خاوەن و بەڕێوەبەری ناوەندی كولتووریی نازدار حەیرانە، مەبەست لە دامەزراندن و دروستكردنی ئەم ناوەند و قاوەخانەیە، بۆ كۆبوونەوەی رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان و كتێبدۆستانی هەولێرە، هەروەها بۆ هەر میوانێكی رۆشنبیر كە روو لە هەولێری پایتەخت بكات، ئەمە جیا لەوەی دەبێتە شوێنی كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكیی هونەری و رۆشنبیری و فكری بۆ هەموان.

بۆیە فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لە رێورەسمی كردنەوەی ناوەند و قاوەخانەی (نازدار حەیران)دا، وێرای پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیارانی ناوەندەكە و رۆشنبیران و هونەرمەندان و كتێبدۆستانی شاری هەولێر، پەسنی ئەوەی كرد كە لە رۆژی مەزنی یادی ریفراندۆمدا كرایەوە.

بەڕێوەبەری (نازدار حەیران) دووپاتی كردەوە، كە لە قاوەخانەی ناوەندەكە و چالاكییەكانیدا، ژینگەیەكی كولتووریی باڵكێش بۆ میوانان دەڕەخسێنرێ، چونكە كتێبخانەیەكی دەوڵەمەند و جوان و هێمنیشی تێدایە كە سەردانكەران دەتوانن لەوێ ساتەكانیان بە كتێب خوێندنەوەوە بەسەر بەرن.

قاوەخانەكە، بە جۆرێك دیزایین كراوە و نەخشێنراوە، كە كەشێكی دڵڕفێن بە میوانان دەبەخشێ و لە هەر بەشێك لە شوێنەكانی، وێنەی جۆراوجۆری كەسایەتییە ناسراوەكانی كورد لە بواری سیاسی و ئەدەبی و كولتووری و هونەریدا نەخشێندراوە و دانراوە و یاد و بەرهەمەكانیان بەرز ڕاگیراوە.

بە قسەی سەرپەرشتیارانی قاوەخانەكە، ئێستا لە بەیانیەوە تاوەكوو كاتژمێر 12:00ـی شەو كراوەیە، بەڵام لە ئایندە وای لێدەكەن كە 24 سەعات كراوە بێت.