كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ژووری پەرلەمانی گۆڕان: گوڵستان سەعید سەرۆكی هەڵبژێردراوی فراكسیۆنەكەمانە لە پەرلەمانی كوردستان

ڕاگەیاندراوێكی لەمبارەیەوە بڵاو كردەوە

ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا وردەكاریی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە.

لەو ڕاگەیاندراوەدا كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٢١ی ٩ی ٢٠٢٠، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان کرا.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، پرۆسەکە بە ئامادەبوونی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچووە کە تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكە (گوڵستان سەعید) بە سەرۆك، (ئاشنا عبدوڵا) بە جێگر و (جەلال محەمەد) وەک بڕیاردەری فراکسیۆن هەڵبژێردراون.

ژووری پەرلەمانی گۆڕان ئاشكرای كردووە: ”لە هەڵبژاردنەكەدا هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی، گوڵستان سەعید و دابان محەمەد بە شەش دەنگ یەکسان بوون. بەپێی دەستووری رێکخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەر لە هەڵبژاردنێكدا دوو كاندید هەبوو، یەكێكیان (ژن) و ئەوی تریان (پیاو)، دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ (ژنە)كە دەبێت، بۆیە ژووری هەڵبژاردن و دواتریش ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەند كرد و (گوڵستان سەعید) بووە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان“.