پزیشکانی بێ سنوور: بارودۆخی بەغدا بەهۆی کۆرۆناوە بەرەو کارەسات دەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پزیشکانی بێ سنوور: بارودۆخی بەغدا بەهۆی کۆرۆناوە بەرەو کارەسات دەچێت

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایدەگەیەنێت، کە بارودۆخی بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەرەو کارەسات دەچێت.

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ژمارەی تووشبووانی رۆژانە لە عێراق بە پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتە چوار هەزار کەس و ژمارەی مردنیش لە هەفتەیەکدا، گەیشتووەتە 500 کەس.

رێکخراوەی پزیشکانی بێسنوور هەروەها رایگەیاندووە، تەنیا لە یەک مانگدا (لە مانگی رابردوو)، زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون لە پەتای کۆرۆنا لە عێراق تۆمار کراوە و بەغدای پایتەختی عێراقی زۆرترین تووشبووی پەتاکەی هەیە، ”%30ـی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە بەغدان“.

لە بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە پزیشکانی بێسنوور لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لەڕێی مەشقکردن لەسەر دانانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و چۆنێتیی پێدانی دەرمان بە نەخۆشەکان، هاوکاریی کەرتی تەندروستیی عێراقی کردووە و بەهۆی زیادبوونی خێرای ژمارەی تووشبووانیشەوە، ”کار لەسەر کردنەوەی بەشێکی دیکە لە نەخۆشخانەی کندی لە بەغدا بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دەکەین“.

پێدرۆ سیرانۆ، پزیشکی پسپۆڕی سەر بە رێکخراوەکە رایگەیاندووە، ژمارەی ئەوانەی لە بەغدا پێویستییان بە چاودێریی چڕ و هەناسەدانی دەستکرد دەبێ رووی لە زیادبوون کردووە و ”هەندێ جار ناچار دەبین دوو یان سێ رۆژ لە چاوەڕوانیی چۆڵبوونی تەختەکەی نەخۆشخانەدا بیان هێڵینەوە“.

ئەو پزیشکە بە ئاماژەکردن بەوەی بارودۆخی بەغدا مایەی مەترسییەکی گەورەیە و بەرەو کارەسات دەچێت، رایگەیاندووە، بەشێک لە خەڵکی لەگەڵ بوونی نیشانەکانی کۆرۆنا، نەخۆشەکانیان لەبەر قسەی خەڵک ناگەیەننە نەخۆشخانەکان و لەو کاتەی بارودۆخیان زیاتر تێکدەچێت، دەیانگەیەننە نەخۆشخانە و ”ئێمەش لەو کاتەدا بەهۆی خراپیی بارودۆخی نەخۆشەکان، دەکەوینە بارودۆخێکی سەختەوە“.

هەروەک رێکخراوەکە رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار پزیشک و کارمەندی تەندورستی لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ئەوەش کێشەی کەمیی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، دروست کردووە.