كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: هاتنی سەرۆکی حکوومەت بۆ پەرلەمان هەنگاوێکی ئەرێنییە

دوێنێ شەممە 26-9-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کرد پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێک رێک بخات و تێیدا ئامادە دەبێت گوتارێک لە چوارچێوەی چەند بابەتێکی هەنووکەیی پێشکەش بکات.

بەپێی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لەو دانیشتنە لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستیی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.

لەمبارەوە، جەمال حەوێز، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، ئەو هەنگاوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە هاتنی بۆ پەرلەمان و پێدانی روونکردنەوە لەبارەی کارنامەی کابینەکەی و جێبەجێکردن و ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونەتە پێشی، بێگومان هەنگاوێکی ئەرێنییە. گوتیشی: “گرنگە لەو دانیشتنە تایبەتەدا باس لە دەستبەکاربوونی حکوومەت و کارکردنی لەو ماوەیە و جێبەجێکردنی کارنامەکەی بکات، بێگومان باسیش لە ئاستەنگەکانی بەردەم کابینەکە دەکات کە ئەگەر لە بوارێکدا هەنگاوەکان بەپێی کارنامەکە نەچووبنە پێشەوە”.

جێی باسە، شارەزایانی یاسایی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەپێی بڕگەی دووەمی ماددە ٦٦ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە 14 ڕۆژ تێپەڕ نەکات، ئەو دانیشتنە ڕێک بخات.