دەستەی گشتیی گەشتوگوزار: گرنگی به‌ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی گشتیی گەشتوگوزار: گرنگی به‌ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ین

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزارەوە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی ڕای گشتی دەکات و رایدەگەیەنێ کە  وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری هه‌نگاوێكی دیكه‌ی كاره‌كانیان دەبێت و گرنگی به‌ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ن.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار پلانی بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ داڕشتووه‌ و بە یه‌كێك له‌ چالاكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی 2020 دانرابوو، بۆیه‌ له‌ رۆژی جیهانی گه‌شتوگوزار به ‌دروشمی (به‌ گه‌شتوگوزار گونده‌كانمان ده‌بوژێنینه‌وه‌) گرنگی به‌ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ین، كه‌ هاودروشمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتوگوزاری جیهان".
ڕوونیشیکردەوە: "ساڵانی رابردوو كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەو پێش هه‌نگاوی ناوه‌، لە زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش بەپێی پلانێكی ستراتیژی كە لە لایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزار دانراوە، مامەڵە لەگەڵ ئەم گەشەسەندن و پێشووەچونە دەكرێت، هەروەها ماستەرپلانی گەشتوگوزاری كوردستان ئێستا دەست بەكارە و تاكو ساڵی 2025 پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە".
ڕاشیگەیاند:   "وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری هه‌نگاوێكی دیكه‌ی كاره‌كانمانه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، له‌ كۆی 1055 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ،  له‌ ساڵی 2020 راگه‌یندراون، 227 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری خراوه‌ته‌ پلان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی 2020 به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیانی زۆر به‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌وت، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی پاشه‌كشه‌ی كرد، به‌ڵام جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ ئێستا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و جوڵه‌یه‌كی باش كه‌وتووەته‌‌ به‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری و گه‌شتیاران له‌ شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان روو له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی ده‌كه‌ن".

گوتیشی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ كارنامه‌ی كاركردنیدا گه‌شتوگوزاری له‌ ریزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی داناوه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزار سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی كه‌مووكورتی له‌ كه‌رتی گه‌شتیاری، له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار به‌رده‌وام ده‌بین، تاوەكو گەشتیاری ده‌بێته‌ سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات و كوردستان دەبێته‌ ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو".