سەرکردەیەکی پێشووی گۆڕان: ئەوە كاڵفامییە كەركووك ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بكەیتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی پێشووی گۆڕان: ئەوە كاڵفامییە كەركووك ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بكەیتەوە

سەركردەیەكی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، كە ڕیفراندۆم كاڵفامی نییە، بەڵكوو ”كاڵفامی ئەوەیە كەركووك و زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستان رادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بكەیت“.
دکتۆر سابیر ئسماعیل، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، زەنگێک بوو کە توانی خەڵکی کوردستان ھۆشیار بکاتەوە و بە ھەموو تاکێکی کوردستان بڵێت، ئێوە مافی چارەی خۆنووسینتان ھەیە، ڕیفراندۆم نەیارانی کوردیشی ئاگادار کردەوە، گەلی کورد ئەو خابات و تێۆکشانەی کردوویەتی، لەپێناوی سەربەخۆیی بووە و ڕۆژێکیش دێت کورد مافی سەربەخۆیی بەدەست دەھێنێت.
گوتیشی، تاکە ھۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کورد بە ئامانجی خۆی نەگا، ئەوەیە ئێمە لەناو خۆماندا یەکگرتوو نین، بەڵام ئەمڕۆ بێ یان سبەی، گەلی کورد دەبێتە خاوەنی کوردستانی سەربەخۆ، ئێمەش نەیبینین، ڕۆژێک دێت نەوەکانمان کوردستانی سەربەخۆ ببینن.
دەربارەی قسەکانی لاھور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتی، دکتۆر سابیر ئسماعیل، ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی کوردستان، لەبەر خوێنی شەھیدان و سەربەخۆیی گەلی کورد دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، ئەو خەڵکە کاڵفام نییە، ئەگەر ئەو خەڵکە کاڵفام بێت، “خۆ برادەرانی یەکێتی و ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، یانی ئەوانیش کاڵفام بوون؟ ئەو قسەیەی لاھور جەنگی ھیچ نییە و تەنیا بازاڕی خۆی پێ گەرم دەکات.
ئەندامەكەی پێشووی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کراوە و کاڵفامی نییە، “کاڵفامی و خیانەت ئەوەیە کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بکەیت، کاڵفامی ئەوەیە لەسەدا ٥١ی خاکی کوردستان ڕادەستی نەیارانی کورد بکەیت، ھەر کەسێک زیان بە کوردستان بگەیەنێت ئەو کەسە کاڵفامە، نەك خەڵکانێک کە دەنگیان بە سەربەخۆیی نەتەوەکەی خۆیان داوە”.ك