ئه‌م ڤیتامینه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر نیشانه‌كانی كۆرۆنا كه‌م ده‌كاته‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئه‌م ڤیتامینه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر نیشانه‌كانی كۆرۆنا كه‌م ده‌كاته‌وه‌

توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی ئه‌مریكی ده‌ری خستووه‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تا ئاستێكی پێویست ڤیتامین(D)یان، هه‌یه‌ كه‌متر به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و نیشانه‌ قورسه‌كانیان لێ ‌دیار نا‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌ری خستووه‌ ئه‌م ڤیتامینه‌ گرنگه‌ رێژه‌ی تووشبوونیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌، كه‌ له‌ كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی بۆستن ده‌رچووه‌، ده‌ڵێت هه‌بوونی بڕی پێویستی ڤیتامین( D) له‌ له‌ش، رێژه‌ی هه‌وكردن به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا نزم ده‌كاته‌وه‌ و به‌رگریی له‌شیش به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

وه‌ك گۆڤاری"بلوس وان" بڵاوی كردووەته‌وه‌، له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا رێژه‌ی ڤیتامین (D) له‌ 250 تووشبوو به‌ كۆرۆنا وه‌رگیراوه‌ و له‌ڕووی دژواریی كاریگه‌ری په‌تایه‌كه‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ وه‌ك بێهۆشی، یان هه‌ناسه‌دان و تا به‌ مردنیش‌ راده‌گات چاودێری كراون.

ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌و نه‌خۆشانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 40 ساڵ زیاتر بووه‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی پێویست ڤیتامین(D) یان له‌ له‌شدا هه‌بووه،‌ به‌ رێژه‌ی 51% رووبه‌ڕووی گیانله‌ده‌ستدان بوونه‌ته‌وه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی ڤیتامین ( D)یان كه‌متر بووه‌.

هه‌روه‌ها به‌مدوایه‌ دكتۆر (مایكل هۆلیك)یش توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردووەته‌وه‌ و ئه‌ویش جه‌ختی له‌وه‌ كرددووەته‌وه‌، كه‌ هه‌بوونی بڕی پێویستی ڤیتامین( D) له‌ له‌شی مرۆڤ به‌ رێژه‌ی 54% خه‌ڵك له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌پارێزێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی گوتووه‌، كه‌ ئه‌م ڤیتامینه‌ ده‌توانێت رووبه‌ڕووی ئه‌و ڤایرۆسانه‌ش ببێته‌وه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی.

ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ كاتێكی باشدایه‌، به‌و پێیه‌ی وه‌رزی زستان به‌ڕێوه‌یه‌ و له‌م وه‌رزه‌دا به‌هۆی په‌تای ئینفلوه‌نزا و په‌تای كۆرۆناوه‌ خه‌ڵك زیاتر ڕوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و به‌هۆی كه‌میی به‌رگریی له‌شیانه‌وه‌ ره‌نگه‌ حاڵه‌تی مردنیش روو له‌ زیادی بكات.

ئه‌و توێژه‌ره‌ روونیشی كردووەته‌وه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا ڤیتامین(D) له‌ له‌شی منداڵ و گه‌وران كه‌م ده‌بێته‌وه، بۆیە‌ وا باشترە‌ هه‌موان خۆراک و خواردەمەنیی ته‌واوكه‌ری ڤیتامین( D) بخۆن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی تووشبوون به‌ كۆرۆنا و بەهیزبوونی بەرگریی لەشیان لە بەرانبەر ئەنفلوەنزا وەرزییەکان.