نووسینگەی سەرۆکی حزبی دەعوە لەبارەی دەنگۆی کودەتای سەربازی بەسەر سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، روونکردنەوە دەدات.
هیشام رکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشتری عێراق (2006-2014)، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، روونکردنەوەکەی بڵاو کردووەتەوە.
هیشام رکابی رایگەیاندووە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان، کە مالیکی و هادی عامری بەشدارییان تێدا نەکرد، هیچ بەڵگەیەکی بۆ هەوڵی کودەتای سەربازی بەسەریەوە، نەخستووەتە روو.
بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالیکی رەتی کردووەتەوە هیچ هەوڵێک بۆ کودەتای سەربازی و لادانی مستەفا کازمی، هەبێت، ”ئەوەی کەناڵەکانی ئەلعەرەبییە و ئەلحوڕە بڵاویان کردووەتەوە، دوورە لە راستییەوە“.
پێشتر هەردوو کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەکانیان بڵاویان کردبووەوە، کە نوری مالیکی و هادی عامریی سەرۆکی میلیشیای بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح هەوڵ دەدەن بە بەکارهێنانی چەک، مستەفا کازمی لە پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەت دوور بخەنەوە.