وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سەردانی ئێران دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سەردانی ئێران دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ شەممە فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی محەمەدجەواد زەریف کۆ دەبێتەوە.

میدیا فەرمییەکانی (ئیرنا و میهر)ی ئێران لەمبارەوە لەزاری سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویان کردووە، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیداری ئەمڕۆیدا بۆ تاران جیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئیران، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئیرانیش کۆ دەبێتەوە.

هاوکات چەند میدیایەکی عێراقیش بە پشتبەستن بە میدیاکانی ئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە لەم سەردانی فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران، پەرەدان بە پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران و بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتن و گرێبەستەکانی پێشوو و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەو تەوەرانەن باسیان لەبارەوە دەکرێت.

ئەم سەردانەی فواد حوسێن بۆ ئێران، دوای ئەوەی پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، یەکەم دیدارییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هاوینی ئەمساڵێش محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکی و بەرپرسانی دیکەی عێراق دیدار و گفتوگۆی کرد.