بەوێنە.. ماڵی پارێزەر و چالاکوانێکی زیقار تەقێندرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. ماڵی پارێزەر و چالاکوانێکی زیقار تەقێندرایەوە

ماڵی پارێزەر و چالاکوانێکی مەدەنیی پارێزگای زیقار بە بۆمبێک کرایە ئامانج.

حوسێن ئەلغەرابی، چالاکوان و رێکخەرێکی خۆپیشاندانەکانی سنووری پارێزگای زیقار، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، شەوی هەینی 25-9-2020، بۆمبێک لە ماڵەکەی تەقێندراوەتەوە.

ماڵی حوسێن ئەلغەرابی لە شارۆچکەی ئەلنەسرە لە باکووری شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەشەوە، زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە نەکەوتووەتەوە.

حوسێن ئەلغەرابی ”حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان“ی بە تەقاندنەوەی ماڵەکەی تۆمەتبار کردووە و راگەیاندووە، ”کۆتاییتان نزیک بووە“.

ئەلغەرابی یەکێکە لەو کەسانەی بەرگری لە سەجاد ئەلعێراقی دەکات و داوای ئازادکردنی دەکات.

رەنگدانی شەوی شەممە 19-9-2020، چەکدارانی نەناسراو چالاکوانێکی ناسریەیان لە دەروازەی باکووری ناسریە بەناوی (سەجاد ئەلعێراقی) رفاند و چالاکوانێکی دیکەشیان بە ناوی (باسم فلەیح)، بریندار کردووە.

دوای ئەو فەرمانەی دادگا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی دژەتیرۆری وڵاتەکەی کرد هێزێک بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق، بۆ گەڕان بە دوای سەجاد ئەلعێراقی، بنێرێتە پارێزگای زیقار.

بەهۆی ئەوەی دوو تۆمەتبارەکە خەڵکی شارەدێی سەید دەخیلن، ئەندامانی عەشیرەتەکانی ناوچەکە چەکیان هەڵگرتووە و رێگا نادەن هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بچنە ناو شارەدێکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە.

رۆژی سێشەممە 22-9-2020، برایەکی سەجاد رایگەیاندبوو، ئەوان دەزانن رفێنەری براکەیان کێیە و لە کوێش خۆیان حەشار داوە و لە کویش سەجادیان دەست بەسەر کردووە، بەڵام پۆلیس هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادکردنی براکەیان، نانێت.