لە توركیا بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكان گرفتی دەرمان دروست بووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە توركیا بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكان گرفتی دەرمان دروست بووە

"لە سێکتەری دەرماندا دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن قەرزی لەسەرە"

سەركونسوڵی ئەمریكا لە ئەنقەرە، لە وتارێكدا باسی لە كەڵەكەبوونی قەرزەكانی توركیا لە سێكتەری پزیشكی كردووە گوتوویە ئەگەر توركیا قەرزەكانی دەرمان نەداتەوە، كۆمپانیاكانی ئەمریكا، ناچارن ئیدی هیچ جۆرە دەرمانێك بۆ توركیا رەوانە نەكەن و ئەمەش وای كرد توركیا بە خۆی بكەوێت و بە دوای چارەسەرێكدا بگەڕێت.

بە تورکیی ئاژانسی (BBC)ی بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٠١٨دا توركیا لە سێكتەری كڕینی دەرماندا بە رێژەی ٥ ملیار دۆلار دەرمانی كڕیوە، لە هەمانكاتدا بە رێژەی ١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریش دەرمانی هەناردەی دەرەوەی توركیا كردووە.

داڤید ساتەرفێلد سەركونسوڵی ئەمریكا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوە داوە لە ماوەی یەك ساڵدا قەرزەكانی توركیا لەڕووی كرینی دەرمانەوە لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەگەر قەرزەكان لە زووترین كاتدا نەدرێتەوە، رەنگە ئیدی لە ئەمریكاوە هیچ دەرمانێك هاوردەی توركیا نەكرێت.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی كردووتەوە، ساڵی پار رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری بازرگانیی ئەمریكا رێك كەوتن كە كێشەی هاوردەكردنی دەرمان چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێك لەو ڕووەوە نەنراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە (BBC) بڵاو كراوەتەوە، توركیا لە ٢٠١٩ بە رێژەیەكی بەرچاو دەرمانی لە ئەمریكا هاوردەی توركیا كردووە، كە بە بەرامبەر بە ٢٠١٨ بە رێژەی ٣١.٢٪ هاوردەی دەرمانی زیاد كردووە.

لە ٢٠١٨ توركیا بە رێژەی ٥ ملیار دۆلار دەرمانی هاوردەی توركیا كردووە، بەڵام لە ٢٠١٩ ئەو رێژەیە بۆ ٦ ملیار و ٢ ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان توركیا لە ٢٠١٨ بە رێژەی ٢٢٣ ملیار دۆلار بەرهەمی جۆراوجۆری هاوردەی توركیا كردووە، كە كڕینی دەرمانیش بەشێكی گرنگی ئەو هاوردەیە بووە، بەڵام توركیاش دەرمانی هەناردەی دەرەوە كردووە، كە سەرەكیتیرن وڵات (عێراق، سوید، سلۆڤانیا و قوبرس) بووە، كە توركیا دەرمانی بۆیان هەناردووە.

بە گوتەی موراد ئەمیر ئەندام پەرلەمانی جەهەپە، ئەگەر بێت و توركیا چارەسەری ئەو قەرزە نەكات كە لە سێكتەری دەرماندا تووشی توركیا بووەتەوە، رەنگە لە داهاتوودا توركیا تووشی قەیرانی کەمی و نەبوونی دەرمان ببێت و چارەسەركردنیشی ئەستەم بێت.

باسی لەوەش كرد، كە قەرزەكان تەنیا لە سێكتەری دەرمان نییە، بەڵكوو لە بەرهەمەكانی تری تەندروستیش توركیا قەرزێكی زۆریان لەسەر كەڵەكە بووە.

بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار تا دێت بێبایەخ دەبێت، ئەمەش وای كردووە كۆمپانیاكانی دەرمان نەتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە، چونكە كاتێك لیرەی توركی دەكەنە دۆلار، زیانێكی زۆر دەكەن و ناتوانن قەرزەكانیان سفر بکەنەوە، ئەمەش وای كردووە قەرزی توركیا لەڕووی دەرمانەوە فایزی زۆری بچێتە سەر.