كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لەبارەی بەستنی پێوەری ئاوەوە داواکارییەک دەدرێتە حکوومەت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند کەوتنەواری جێبەجێکردنی غەرامەکردنی ئەو ھاووڵاتییانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە لەو قۆناغەدا گرفتی دارایی بۆ ھاووڵاتییان دروست دەکات و داواش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات خۆیان کاری بەستنی پێوەرەکان جێبەجێ بکەن.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا زۆرێک لە ماڵان پێوەری ئاویان نەبەستووە، لە بەرانبەردا بە بڕیارێکی حکوومەت ھەر کەس پێوەرەکەی  نەبەستبێت (١٠٠ ھەزار) غەرامە دەکرێت و ئێستاش بڕیارەکە لە ھەندێ شوێنی پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە".

گوتیشی: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێمانوایە لە دۆخێکی وەک ئێستا ئەو بڕیاری غەرامەکردنە بوەستێت باشترە و پێویستیشە ھەر لە سەرەتادا حکوومەت بەستنی پێوەرەکانی خستبایەتە ئەستۆی خۆی و کارە پێویستەکانی ئەنجام دابایە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی کە ئێستا لە بواری کوالێتی و شێوازی وەرگرتنی پارەکە ھەیە دروست نەبووبان".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کرد: "کێشەی تەواونەکردنی سیستەمەکە لەلایەن کۆمپانیا و کێشە ئیداری و ھونەرییەکانی پرۆسەکە، کۆمەڵێک گرفتی دیکەن لەو کارەدا دەبیندرێن بۆیە پێشنیازی ئەوە دەکەین کە تاکاتی تەواوبوونی دانانی پێوەرەکان و تەواوکردنی تەواوی سیستەمە وا باشترە بابەتی غەرامەکردن بوەستێندرێت".