ئەمەریکا دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار پێشکەشى کریستیانەکانە ئاوارەکانى هەرێمی کوردستان دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمەریکا دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار پێشکەشى کریستیانەکانە ئاوارەکانى هەرێمی کوردستان دەکات

 

کونسوڵخانەى ئەمەریکا لە هەولێر هاوکاریى دارایى پێشکەشی ئەو خێزانە کریستیانانە دەکات کە بەهۆى توندوتیژییەکانى داعشەوە ئاوارەى هەرێمی کوردستان بوونە، نوێنەرێکى کریستیانەکانیش دەڵێ هاوکارییەکە هەناسەیەکە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.

کلارا عۆدیشۆ چالاکوان و نوێنەرى کریستیانەکان لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى هەوڵ و ماندوبوونێکى زۆرى مەتران بەشار وەردە سەرۆکى رێکخراوى مرۆیى هەولێر، لە رێورەسمێکدا لە کەنیسەى ماریوسف  لەشارۆچکەى عەنکاوە کونسوڵخانەى ئەمەریکا لە هەولێر، بڕى دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلارى پێشکەشى ئەو رێخراوە کرد، بۆ یارمەتیدانى ئەو خێزانە کریستیانانەى کە بەهۆى توندوتیژییەکانى داعشەوە لە پارێزگاى مووسڵەوە ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون".

راشیگەیاند: " لەدواى لەناوچوونى رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 بەردەوام کریستیانەکانى عێراق بەهۆى کردەوە تیرۆریستییەکان و هەڕەشەوە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، بەشێکیشیان روویان لەدەرەوەی وڵات کردووە بەم هۆیەوە ژمارەى کریستیانەکان لە شوێنى رەسەنى خۆیان نەماون، تەنیا لە2014ەوە تائێستا زیاتر لە پازدە هەزار خێزان ئاوارەى هەرێم بوون".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" تەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە لەچوارچێوەى ئەو هاوکارییانە دێت کە ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنى عێراقى تەرخان کردووە، ئەوەش بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکانى کریستیان کە ئاوارەى هەرێمی کوردستانن هەناسەیەکە چونکە بەشێکیان گوزەرانیان باش نییە و ناتوانن وەک پێویست ژیان بگوزەرێنن".