كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەست پێ دەکەنەوە

 

بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر رایگەیاند ئەمشەو یەکەم گەشتى ئاسمانى لە ئەستەمبۆڵ بۆ هەولێر و بەپێچەوانەوەش دەست پێ دەکاتەوە،ئەمەش دواى ماوەیەکى زۆر لە وەستانى بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: " دواى ماوەیەکى زۆر لە وەستانى بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆناوە، ئەمشەو یەکەم گەشتى ئاسمانى نێوان هەولێر و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، ئەویش فڕۆکەیەکى کۆمپانیاى سەبیهایە کاتژمێر دووى بەرەبەیان دەگاتە فڕۆکەخانەى هەولێر، کاتژمێر سێ و نیویش هەمان فڕۆکە بەرەو ئستەنبوڵ دەگەڕێتەوە و گەشتیاران دەگەیەنێتە تورکیا".

راشیگەیاند: " گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان عێراق و تورکیا بە هۆى کۆڕۆناوە لە 29ى شوباتى ئەمساڵ وەستان، دواى چەندین هەوڵى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عێراقى و دەسەڵاتى هێڵى ئاسمانى تورکیا، تواندرا بگەنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتى نێوان ئەو دوو وڵاتە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەبەراود بە پێش بڵاوبوونەوەى کۆڕۆنا گەشتەکانى نێوان هەولێر و ئستەنبوڵ زۆر کەمى کردووە، چونکە پێشتر رۆژانە حەفت گەشت بۆ ئەو شارە و حەفت گەشتیش بەپێچەوانەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا بڕیارە لە هەفتەیەکدا سێ تا پێنج گەشت چوون و هاتنەوە ئەنجام بدرێت".