کارئاسانی بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کارئاسانی بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی دەکرێت

 

بەڕێوەبەری ھۆبەی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئێستا بەرھەمی ماسی  %٦٠ ی پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و کارئاسانییش بۆ پڕۆژە بێ مۆڵەتەکانی ماسی دەکرێت کە مۆڵەتیان بۆ دەربھێندرێت.

سیروان سەعید، لێپرسراوی ھۆبەی سامانی ماسی  بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: " لە ھەرێمی کوردستان (٣٩٦) پڕۆژەی ماسی مۆڵەتپێدراو ھەیە کە ساڵانە سەرقاڵی بەخێوکردنی ماسین و بەھۆیەوە دەرفەتێکی باشی کارکردن بۆ ھاووڵاتیان رەخساوەو بڕە ماسییەکی باش بەرھەم دەھێنن".

گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆریش پڕۆژەی ماسی ھەیە کە بێ مۆڵەتن بەو ھۆیەوە ڕێنمایی و ھاوکارییان پێشکەش  ناکرێت، بۆیە دەمانەوێت ئەوانیش مۆڵەت دەربھێنن لەو ڕووەوە داوامانکردووە ئاسانکارییان بۆ بکرێت و لەبەرژوەندی ئەوان پێداچوونەوە بە ڕێنوێینییەکانی تایبەت بە دەرھێنانی مۆڵەتی دامەزاندنی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی بکرێت".

سیروان سەعید ڕونیشکردەوە: "بە تەواوی ماسییەکانی پڕۆژە بێ مۆڵەت و مۆڵەتدارەکان و ماسی راِوکراوی دەریاچەکان، توانراوە  %٦٠ ی پێویستی ناوخۆ بە ماسی پڕبکرێتەوەو لە ھەوڵیشدا دەبین ئەو ڕێژەیە بەرزتر بکەینەوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشی کرد کە لەماوەی ڕابردوو بڕێکی باشی پەنجە ماسییان خستووەتە ناو دەربەندی ڕانیەو بەرنامەشیان ھەیە لە ئایندەیەکی نزیک بڕێکی دیکە لە پەنجە ماسی بخەنە ناو ھەردوو بەنداوی حەمامۆک و دێگەڵە لە سنووری قەزای کۆیە.