كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کۆشکی سپی مشتومڕی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکلایی دەکاتەوە

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/9/2020، کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە لە 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێ، قبووڵ دەکات. ئەمەش دوای یەک رۆژ هات، لە رەخنەگرتن لە سەرۆکی ئەمەریکا، کە سەر بە پارتی کۆمارییە، سەبارەت بە پابەندنەبوون و رازی نەبوونی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.

دوای فشار لێکردنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ قسەکردن لەسەر لێدوانەکانی ترامپ، دوێنێ چوارشەممە، کایلی ماکینانی، وتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: “سەرۆک ئەنجامی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادی قبووڵە”. ئەمەو لێدوانەکانی ترامپ وای لە هاوڕێکانی کرد لە پارتی کۆماری، کە گوزارشت لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات بکەن.

لای خۆیەوە، سیناتۆری ئەمەریکی، بیرنی ساندرز، گوتی: “سەرۆک ترامپ لەپێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵات، ئامادەیە هەرەس بە دیموکراتییەتی ئەمەریکا بێنێ”. جەختیشی کردەوە، کە ترامپ ئەگەر لە هەڵبژاردندا دۆڕا، دەبێ دەستبەرداری دەسەڵات بێت.

ساندرز، کە لە دیموکراتییەکانی ویلایەتی فیرمۆنتە، گوتیشی: “ئەم هەڵبژاردنە لەنێوان ترامپ و دیموکراسیدایە، بێ شک دیموکراسی سەر دەکەوێ”.

هەر لەمبارەیەوە، Mitch McConnell سەرکردەی زۆرینە کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنج شەمە، لە وەڵامی ترامپدا (کە رەتی کردبووەوە لە کاتی سەرکەوتنی رکەبەرە دیموکراتەکە (جۆ بایدن)، پەیمان بدا دەسەڵات دەستاودەست بکا)، بەڵێنی دا، کە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 3ی تشرینی دووەم، دەسەڵات بە (نەرم)ی دەگوازرێتەوە.

ماکۆنێل، کە کەسێکی نزیکی ترامپە، گوتیشی: “براوەی هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە 20ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەچێتە سەر کورسی”.

جەختیشی کردەوە: “دەستاودەستکردنەکە بە نەرمی دەبێ، وەک ئەوەی هەر لە ساڵی 1792ەوە هەموو 4 ساڵ جارێک روویداوە”.

دۆناڵد ترامپ ، دوێنێ چوارشەممە رەتی کردەوە، ئەگەر دۆڕا دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە رادەست بە رکابەرەکەی بکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا لە کۆشکی سپی گوتی: “پێویستە ببینین چی روودەدا”.

ئەم وتانەی ترامپ لە وەڵامی رۆژنامەوانێکدا هات، کاتێ لێی پرسی، ئاخۆ بەڵێن ئەدات پابەندی سادەترین بنەماکانی دیموکراسی بێ لە ئەمەریکا، کە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتە، کاتێ کە سەرۆک دەگۆڕێ.