سەركردەیەكی زەحمەتكێشان: پێشبینیم نەدەكرد سەركۆمار لەسەر وتارێك پەنا بۆ دادگا ببات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی زەحمەتكێشان: پێشبینیم نەدەكرد سەركۆمار لەسەر وتارێك پەنا بۆ دادگا ببات

“ئەو یەك دونیا سایتی فەرمی و نافەرمیی خۆی هەیە، دەیتوانی لەوێدا وەڵامی بداتەوە”

 

سەركردەیەكی زەحمەتكێشان، ڕەخنە لە سكاڵاكەی سەركۆماری عێراق لە دژی نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی سلێمانی دەگرێت و دان بەوەدا دەنێت كە ئەو پێشبینی نەدەكرد لەسەر وتارێك سەركۆمار پەنا بۆ دادگا ببات.

ھیوا سەید سەلیم، نووسەر و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا حزبەكەی پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح كرد و خۆیشی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بەردەوام پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ھەمیشە پێداگریمانە لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت ھەموو دادگاکان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ڕۆژنامەنووساندا بكات، بەداخەوە تا ئێستا ئەو بابەتە لە دادگاکان یەکلایی نەبووەتەوە، ئەگەر کەسێک لەسەر بابەتێکی ڕۆژنامەوانی دەستگیر بکرێت، پێویستە بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.

ئەوەشی ئاشكرا كرد: “ھیچ کات پێشبینیی ئەوەم نەدەکرد سەرکۆمار لە بەرامبەر وتارێكدا پەنا بباتە بەر دادگا، بەداخەوە نەدەبوو ئەم كارە بکات، چونکە بەھرۆز جەعفەر وتارێکی نووسیوە، ئەو یەک دونیا سایتی فەرمی و نافەرمیی خۆی ھەیە، فەرمی ئەوانەن لەسەر دەوڵەت ھەژمار دەکرێن، نافەرمییەکانیش ئەوانەن لێرە و لەوێ پاڵپشتی دەکەن، دەکرا بەرھەم ساڵح، لە ڕێگەی وتارێکەوە وەڵامی وتارەکەی بەھرۆز جەعفەر بداتەوە، نەوەکوو پەنا بباتە بەر دادگا”.

جەختیشی كردەوە كە ئەو کەسەی دەستگیر کراوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووسە و کەسێکی ئەکادیمییە و پێشتر پاڵپشتیی زۆری سەرکۆماری کردووە.

ھیوا سەید سەلیم جەختی كردەوە: “سکاڵاکەی بەرھەم ساڵح لەسەر بەھرۆز جەعفەر، دەچێتە چوارچێوەی بەرتەسک کردنەوەی دەنگی ئازاد، بەو مانایەی ڕۆژنامەنووس چیتر ناتوانێ لە ڕێگەی وتارێکی ڕەخنە ئامێزەوە ڕەخنە لە سەرکۆمار یان ئەو بەرپرسانە بگرێت کە پارێزپەندییان ھەیە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە ڕۆژنامەنووس بەھرۆز جەعفەر ئازاد بکرێت".

پێشتر دڵشاد موانی، نووسەر و توێژەریش رای گەیاندبوو كە بەهرۆز جەعفەر لە كاتێكدا ماوەیەكی زۆر پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح كرد، كەچی سەركۆمار لەسەر وتارێك خستییە زیندانەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، (باسنیوز) بڵاوی كردەوە كە لەسەر نووسینی وتارێك بە ناونیشانی (تا کەی سەرۆک کۆمار رۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟) کە تێیدا رەخنەی لە بەرهەم ساڵح گرتبوو و رایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح نەوەک هەر لە بەرگریکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە، بەڵکو لەوەتەی بووەتە سەرکۆمار، لە دژی مافەکانی گەلی کوردستان وەستاوەتەوە. لە بەرامبەریشدا بەرهەم ساڵح سكاڵای لە دژ تۆمار كرد.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری بەهرۆز جەعفەر بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە هەرچەندە دەبوایە بەرهەم ساڵح بۆ پێشكەشكردنی وتە بچێتە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ، كەچی ئەفسەری بنكەكە بۆ وەرگرتنی وتە، چۆتە كۆشكی سەلام لە بەغدا. جەختیشی كردەوە كە ڕێكخراوەكانی هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لەسەر كەیسەكە پارێزەریان بۆ بەهرۆز جەعفەر دابین كردووە.

هەر لەمبارەیەوە ئێگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق پێویستە ”بەزووترین کات“ سکاڵاکەی لە دژی رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر بکشێنێتەوە و ئازاد بكرێت.