دەنگۆی فرۆشتنی كەمپی زانكۆی سلێمانی بڵاو دەبێتەوە و خەڵكی شارەكە نیگەران دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەنگۆی فرۆشتنی كەمپی زانكۆی سلێمانی بڵاو دەبێتەوە و خەڵكی شارەكە نیگەران دەكات

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: فرۆشتنی کەمپەكە تاوانێکی گەورەیە

 

دەنگۆی هەبوونی پلانێك بۆ فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی بڵاو دەبێتەوە و بەم هۆیەوە خەڵكی سلێمانی نیگەران بوون. مامۆستایەكی زانكۆش فرۆشتنی كەمپەكە بە ”تاوانێكی گەورە“ وەسف دەكات.

چەند ڕۆژێكە لە سەرچاوەی جۆراوجۆر و لە میدیاكانەوە باس لە ئەگەری فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەكرێت. لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سلێمانی لەم كارە نیگەران بوون و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن.

لەمبارەیەوە جەزا شۆڕش حەمە شەریف، مامۆستای کۆلێژی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، باڵەخانە و بینا کەلەپوورییەکانی شاری سلێمانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو دەبرێن، ”بەداخەوە ئێستا کار گەیشتوەتە ئەوەی کەمپێکی گەورەی وەک کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی بفرۆشرێت، فرۆشتنی ئەو کەمپە و باڵەخانە کۆنەکانی شاری سلێمانی، تاوانێکی ئەوەندە گەورەیە، دوژمنەکانی کورد ئەوەیان نەکردووە، چ جای ئەوەی بەدەستی خۆمان ئەو کەمپە کۆنە بفرۆشین و گوێ نەدەین بەوەی کە مێژووی ئەم شارە و ئەو کاسانەی لەم شارەدا پەروەردە بوون و خوێندنیان تەواو کردوە، یان مامۆستا کۆنەکانی ئەو باڵاخانەیەی زانكۆكە بە بیرەوەریی خۆیان دەزانن، کاتێک ئەو باڵاخانەیە دەفرۆشن، مانای وایە شوناس و مێژووی ئەو خەڵكە ناھێڵنەوە“.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونی كردەوە، ”ھەرچەندە فرۆشتنی کەمپی زانکۆی سلێمانی تەنھا دەنگۆیە و تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی باسی فرۆشتنی نەکراوە، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ھەڵەیەکی گەورەیە و پێویستە ھەموو ھاوڵاتیانی شارەکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی زانکۆ ڕێگری لێ بکەن، چونکە ئەو کەمپە کاتی خۆی بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بووە، دواتر کراوە بە کەمپی زانکۆی سلێمانی و فرۆشتنی زیانێکی گەورە لە شوناسی نەتەوایەتیی شاری سلێمانی دەدات“.

لەبارەی هەڵوێستی نووسەر و ڕۆژنامەنووسەكانی سلێمانی، مامۆستاكەی زانكۆ گوتی: ”ڕۆشنبیرەکانی سلێمانی بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکی حزبین و بەشێکی مەدەنین، بەشە مەدەنییەکەی دڵسۆزیی خۆی دەنوێنێ و ڕێگری دەکات لە فرۆشتنی کەمپی زانکۆی سلێمانی، بەڵام بەشە حزبییەکەی بێدەنگی ھەڵدەبژن، بەداخەوە ڕۆشنبیرانی ئەم شارە بەرامبەر بە زۆرشت بێدەنگ بوون، بەتایبەتی سووتانی سنەوبەرەکان و فرۆشتنی خانووە کەلەپوورییەکانی شاری سلێمانی“.