كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد

 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد و چه‌ند بابه‌تێك تاوتوێ كران.

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/9/2020، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە کلێمنس سێمتنەر، کونسوڵی گشتیى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان کرد، لە دیداره‌كه‌دا دۆخى گشتیى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، شەڕى دژى تیررۆر و ئەرکى هێزە ئەڵمانییەکان لە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشیان تاوتوێ کرد، هه‌روه‌ها بیروڕایان دەربارەى هەڵبژاردنەکانى پێشوەختەى داهاتووى عێراق و دوایین هەنگاوەکانى گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان گۆڕییەوە.

نێچێرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى ئەڵمانیاى لە بواری سەربازی و مرۆییدا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەى بە گرنگى و کاریگەریى ئەو هاوکارییانە لە ڕۆژانى سەختى شەڕى داعشدا کرد، تیشکى خستە سەر هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و پێشوازیکردنى لە ژمارەیەکى زۆرى ڕزگاربوانى كوردانى ئێزدیى دەستى داعش بۆ وەرگرتنى چارەسەرى لە ئەڵمانیا، ھاوکات دەربارەى دۆخى عێراقیش، چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆییەکانى بە کلیلى سەقامگیریى عێراق لە قەڵەم دا.

کونسوڵی گشتیى ئەڵمانیا وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیرى و هاوکاریى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان، ستایشى ھێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شکاندنى داعش و حەواندنەوەى خەڵکى ئاوارە لە پێکهاتەکانى عێراق و پەنابەرانى سووریا کرد و خواستى وڵاتەکەى بۆ بره‌ودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشان دا.