كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 23/09/2020

ئارێز ئەو ھەمووەی ناوێت.. ئارێز ئەم تۆزەی بەسە!

 

چەند ڕۆژێكە ھەندێك وەڵامی سەربەخۆخوازانی كوردستان بۆ ئارێز عەبدوڵا دەبینم لەپای ئەوەی كە نووسیبووی: ”پێویستە ئەوانەی بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا دادگایی بكرێن“. دەستی ئەوانە خۆش بێت كە وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام بە بڕوای من، ئارێز ئەو ھەموو وەڵامەی ناوێت، ئارێز ئەم تۆزەی بەسە! ئەمانەی لەم خاڵانەدا دەیخەمە ڕوو ھیچیان قسەی من نین، تەبعەن ھیچیشیان قسەی پارتی نین و ھەموویشی كاتی خۆی بڵاو بوونەتەوە:

1 - (ئەوەی لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 ڕووی دا كارێكی باش بوو، ئێمە لەگەڵ قاسم سلێمانی ڕێك كەوتبووین كە كەركووك ڕادەست بكەین)، ئەمە قسەی ئاڵا تاڵەبانی خۆیەتی.

2 - (ئەو گرووپەی ناو یەكێتی كە بە نھێنی و بۆ ڕادەستكردنەوەی كەركووك لەگەڵمان ڕێك كەوتن، داوای ئەوەشیان لێ دەكردین واز لە ھێرشەكانمان نەھێنین و ھەتا دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل لە ھێرشەكانمان بەردەوام بین). ئەمەش قسەی عەبدولئەمیر یاروڵای سەركردەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ھێزە چەكدارەكانی عێراقە.

3 - (بەھۆی ھاوپەیمان و برادەرەكانمان لەناو یەكێتی، توانیمان بچینە ناو كەركووك و ڕێگەمان لەوە گرت كە دەوڵەتی ئیسرائیلی دووەەم لە ناوچەكەدا دروست ببێت). ئەمەش قسەی حەیدەر موسڵیحی وەزیری پێشووی ئیتیلاعاتی ئێرانە.

4 - (شەڕكردن بۆ ئێمە زۆر قورس دەبوو ئەگەر پارتی و یەكێتی بەیەكەوە بەرگرییان بكردایە، چونكە ئەگەر پارتی و یەكێتی بەیەكەوە بەرگرییان بكردایە، ئەو شەڕە دەبوو بە شەڕی عێراق دژی كورد، بەڵام ئێمە توانیمان قەناعەت بە بەشێك لە یەكێتی بكەین كە شەڕمان لەگەڵ نەكەن و ھاوكارمان بن. بەم ڕێككەوتنەش شەڕەكە لە شەڕی دژی گەلی كوردستانەوە بوو بە شەڕ دژی جوداخوازان! ئەمەش قسەی فەرماندەی سوپای قودس قاسم سلێمانیە.

جا باشە ئیتر حەقە كێ دادگایی بكرێت؟ ئەوانەی ڕیفراندۆمیان كرد و داوای سەربەخۆیی كوردستانیان كرد، یان ھەر بەڕاستی نازانم بڵێم چی؟ ئەو 4 خاڵەی پێشەوە بۆ ئارێز بەسە، چونكە بەقەدەر حەجمی خۆیەتی، ئەگەر حەجمی زیاتر لە ئارێز لەسەر ئەم بابەتە قسەی كرد، شتی زۆر زۆرتر ماوە!