سەركردەیەكی یەكێتی ستایشی هەڵوێستی سەرۆكی حكوومەت لەبارەی پرۆسەی تەعریب دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی یەكێتی ستایشی هەڵوێستی سەرۆكی حكوومەت لەبارەی پرۆسەی تەعریب دەكات

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا نیگەرانیی لە بەرامبەر گۆرینی دیموگرافیای ناوچە كوردستانییەكان و ئەو شاڵاوەی تەعریب و داگیركارییەی كە لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێ دەربڕی، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت بە گرنگ وەسف دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23/9/2020، ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پرۆسەی بەعەرەبكردن، پرۆسەیەكە ڕەگ و ڕیشەیەكی قووڵی نەتەوەیی و ڕەگەزی هەیە، بابەتێكە لە هزری عەرەبی شۆڤێنیدا هەیە، ئەو بەعەرەبكردنەی كە ئێستا هەیە و دەكرێت لەم ناوچەیە، دەبێ كورد بەرامبەریان بگرێ ئەگەر بە شەڕەداریش بێ، بۆیە گرنگە لەسەر ئەو پرسە ئێستا كورد ناوماڵی خۆی رێك بخات و یەكگرتوو و یەكڕیز بێ".

ئەحمەد عەسكەری، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كورد دەبوو پێداگری بكات لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نەك شەڕی پۆست و پلە بكات، دەبوایە بابەتی یەكەمی ساغكردنەوەی زەویوزارەكان بێ، بەپێی هەموو بەڵگەكان ئەو زەویوزارانە هی كورد بووە و هەموو بەڵگەكانی دادگا هاوپشتمان بوو، لەكاتێكدا كە سەرۆك كۆمار كورد و بوو و پارێزگار و بەرێوەبەری پۆلیس لە كەركووك كورد بوو و ئەنجوومەنی پارێزگا زۆرینەی كورد بوو، دەبوو ئەوكاتە ئەو گرفتە چارەسەر بكرایە.

لەبارەی گرنگیی پەیامەكەی دوێنێ ئێوارەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەهەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تەعریب و داگیركردنی زەویوزاری كورد لە ناوچە كوردستانییەكان، بە تایبەت سنووری كەركووك، ئەحمەد عەسكەری، گوتی، ئەو هەڵوێستە گرنگە و هەموو هەڵوێستێك لەسەر ئەو دۆخەی ئێستای سنووری كەركووك گرنگە، تەنانەت هاوارێك و دەربڕینی ڕایەك هەر گرنگە، چونكە عەرەب سڵ لەوە دەكەنەوە، بەڵام تێگەیاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان و دنیای دەرەوە و خۆپیشاندان، كاریگەریی خۆی هەیە و پێویستە بەرنامەمان هەبێ بۆ ئەو بابەتە، كە باسكردنە لە خاكی میللەتێك.