چەکدارانی عەشائیری رێگری لە دەستگیرکردنی رفێنەرانی چالاکوانەکەی ناسریە دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەکدارانی عەشائیری رێگری لە دەستگیرکردنی رفێنەرانی چالاکوانەکەی ناسریە دەکەن

چەکدارەکان بەرپەرچی فەرمانێکی مستەفا کازمی دەدەنەوە

چەکدارانی عەشائیری لە سنووری شارەدێی سەید دەخیل لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، رێگری لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە رفاندنی چالاکوانێک، دەکەن.

دادگای لێکۆڵینەوەی ناسریە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو کەس بە ناوەکانی ئەحمەد عەبود ئیبراهیمی و ئیدریس حەمدان بە تۆمەتی رفداندنی سەجاد ئەلعێراقی، چالاکوانی ناسریە و یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، دەرکرد.

درەنگدانی شەوی شەممە 19-9-2020، چەکدارانی نەناسراو چالاکوانێکی ناسریەیان لە دەروازەی باکووری ناسریە بەناوی (سەجاد ئەلعێراقی) رفاند و چالاکوانێکی دیکەشیان بە ناوی (باسم فلەیح)، بریندار کردووە.

دوای ئەو فەرمانەی دادگا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی دژەتیرۆری وڵاتەکەی کرد هێزێک بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق، بۆ گەڕان بە دوای سەجاد ئەلعێراقی، بنێرێتە پارێزگای زیقار.

بەهۆی ئەوەی دوو تۆمەتبارەکە خەڵکی شارەدێی سەید دەخیلن، ئەندامانی عەشیرەتەکانی ناوچەکە چەکیان هەڵگرتووە و رێگا نادەن هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بچنە ناو شارەدێکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە.

رۆژی سێشەممە 22-9-2020، برایەکی سەجاد رایگەیاندبوو، ئەوان دەزانن رفێنەری براکەیان کێیە و لە کوێش خۆیان حەشار داوە و لە کویش سەجادیان دەست بەسەر کردووە، بەڵام پۆلیس هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادکردنی براکەیان، نانێت.

وێنەیەکی لەبەرگیراوەی فەرمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە